پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا دروستبوونی لافاو نەبوو، بەڵکو کۆبوونەوەی ئاوبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان رووداوەکەی ئەمڕۆیان بە لارێدا بردووە و بەمەبەست دەڵێن لافاو لە هەولێر دروستبووە."
لەکاتێکدا بەشێک لە
هاوڵاتییان زیانی ماددییان بەرکەوتووە و هاوڵاتییان خۆیان باس لەوە دەکەن کە ئەوەی
ئەمڕۆ روودەدات لافاوە نەوەکو کۆبوونەوەی ئاو.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا ھیچ زیانێکی
گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی ھەبووە و دواتر زیانەکان رادەگەیەنن.
پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تیمەکانی فریاکەوتن
خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ بەهاناوەچوونی هاوڵاتییان.
ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ ھەر فەرمانبەرێک نەیتوانی بێت
بچێتە دەوام بە نەھاتوو بۆی حساب ناکرێت"، دەشڵێت، "کارەبای نیشتیمانی لە
چەند شوێنێک بڕاوە و تیمەکانمان سەرقاڵی چاککردنەوەی کارەبان."
بەگوێرەی وتەی پسپۆڕان و ئەندازیاران، هۆکاری لافاوەکان
نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆیەکی باشە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان.
رۆژی ١٧ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، لە چەند گەڕەكێكی شاری
هەولێر لافاو دروستبوو ١٢ كەس گیانیان لەدەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەبوونی خەڵكێكی
زۆریشی لێكەوتەوە.
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان
بەرکەوتووە لێدوانی جیاواز دەدرێت، دوێنێ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی،
"هەموو ئەو کەسانە قەرەبوو کراونەتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە زیانیان
بەرکەوت"، لە بەرامبەردا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد،
"هەوڵدەدەین بەمنزیکانە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر قەرەبوو بکەینەوە."
رووداوی لافاوەکان نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لەسەر
ئاستی گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە و هاوڵاتییان پێیان وایە ئەمەی روودەدات دەگەڕێتەوە
بۆ کەمتەرخەمی حکومەت چونکە لەگەڵ هەر باران بارینێکدا لافاو دروست دەبێت.