سەردێڕ:

بەشێک لە دوکانداران لە هەولێر بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە

PM:12:24:13/01/2022

3760 جار خوێندراوەتەوە

زیانەکانی لافاو لە هەولێر بەردەوامی هەیە و بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بدۆزرێتەوە و بەوهۆیەوە لە لافاوەکەی ئەمڕۆدا زیانبەر بازاڕی تەیراوا گەیشت.


بەشێک لە خاوەن دوکانەکانی بازاڕی تەیراوا بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، دەشڵێن، "ماوەی چەندین ساڵە داوایان لە حکومەت کردووە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات بەڵام نایکەن."

ئەمڕۆ پینجشەممە، بەهۆکاری ئەو لافاوەی لە شاری هەولێر دروستبوو، بەشێک لە دوکانەکانی بازاڕی تەیراوا زیانێکی زۆری مادییان بەرکەوت.

خاوەنی یەکێک لە دوکانەکان لە بازاڕی تەیراوا لە هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە بەهای ٣٠ هەزار دۆلار قوماش لە دوکانەکەیدا هەبووە و بە بەهای نزیکەی ١٠ هەزار دۆلار قوماش لافاو بردوویەتی و دیار نەماوە.

خاوەن داوکانێکی دیکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەشێکی زۆر لە دوکانەکان بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

دوکاندارێکی دیکە باسی لە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە کرد و وتی، لە ساڵانی ١٩٨٠کانەوە تا ئێستا زیان بەم گەڕەک و بازاڕە دەکەوێت و هیچ بەرپرسێک نەهاتووە بە هانایانەوە.

باسی لەوەشکرد، هاتنی تیمی فریاگوزاری و نوێنەر چ سودێکی هەیە کاتێک لافاو زیان بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت، پێویستە کێشەکان چارەسەربکەن.

دوکاندارێکی دیکە دوای لە شاسوار عەبولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد بەهانای خەڵکەوە بچێت و کارێک بکات حوکمڕانی بگرێتە دەست و خزمەتی خەڵک بکات، چونکە بەرپرسانی هەرێم ناتوانن حکومڕانی بکەن و خزمەتی خەڵک بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە شەوی رابردووەوە بارانێکی زۆر لە پارێزگای هەولێر دەبارێت و لافاو دروستبووە.

هەموو ساڵێک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و سیستمی ئاوەڕۆ بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان بە کەمترین بارانبارین لافاو لە شاری هەولێر دروست دەبێت و کێشە و ئاستەنگ دروست دەکات و زیانی گیانی و ماددیی زۆر بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت.














گەلەری