سەردێڕ:

لە چەند گەڕەکێکی هەولێر لافاو دروستبووە

AM:09:32:13/01/2022

6728 جار خوێندراوەتەوە

لە هەولێر ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگی رابردوو لافاو دروستبوو و ئاو چووەتە ناو بەشێک لە ماڵەکانەوە.


بەگوێرەی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، گەڕەکەکانی تەیراوە، شۆڕش، نوسەران، گوڵان، عەنکاوە، بەحرکە، هەولێری نوێ، سێبەردان، شەقامی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری ئاو کۆبووەتەوە و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستبووە.

جیهاد وەیسی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەڵێت، لە درەنگانی شەوی رابردووەوە لافاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دروستبووە.

ئاماژەی بەوەکردووە، لافاوەکە گەڕەکەکانی شاری مامۆستایان و شێخ ئەحمەد و شۆڕش و چەند گەرەکێکی دیکەی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی وتەی پسپۆڕان و ئەندازیاران، هۆکاری لافاوەکان نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆیەکی باشە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان.

رۆژی ١٧ ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر لافاو دروستبوو ١٢ كەس گیانیان لەدەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆریشی لێكەوتەوە.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە لێدوانی جیاواز دەدرێت، دوێنێ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، "هەموو ئەو کەسانە قەرەبوو کراونەتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە زیانیان بەرکەوت"، لە بەرامبەردا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، "هەوڵدەدەین بەمنزیکانە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر قەرەبوو بکەینەوە."

رووداوی لافاوەکان نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە و هاوڵاتییان پێیان وایە ئەمەی روودەدات دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت چونکە لەگەڵ هەر باران بارینێکدا لافاو دروست دەبێت. 













گەلەری