سەردێڕ:

داوایەک لە کیم جۆنگ ئونەوە

PM:10:27:12/01/2022

22988 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور دەڵێت، سەرۆکی کۆریای باکور داوای بەهێزکردنی توانای هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە.


دوێنێ سێشەممە، کۆریای باشور و ژاپۆن باسیان لەوەکرد، کە کۆریای باکور موشەکێکی تاقیکردووەتەوە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهانیش سەرکۆنەی ئەو تاقیکردنەوە موشەکیانەی کۆریای باکورییان کرد.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور رایگەیاند، دوابەدوای سەیرکردنی تاقیکردنەوەکە، کیم جۆنگ ئون داوای لە زانا سەربازییەکان کردووە "هەوڵەکان خێراتر بکەن بۆ بونیادنانی توانایەکی ستراتیژی سەربازیی وڵاتەکە و سوپای وڵاتەکە نوێتر بکەنەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە یەکەم جار بوو کیم بە ئامادەی تاقیکردنەوەیەکی موشەک بێت.

هەریەک لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکیەکانی کۆریای باکورییان کرد، یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، "تاقیکردنەوە موشەکیەکانی کۆریای باکور هەڕەشەن بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی"، هەروەها داوای لە پیۆنگیانگیش کرد بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکردن.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، تاقیکردنەوە موشەکیەکان مەترسیدارن و دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە."

وتیشی، "ئەمە بە ئاشکرا دەمانبات بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا، وەکو دەزانن ئەمریکا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەوە دەڵێت ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باکوردا، بەڵام لەجیاتی ئەوە کۆریای باکور موشەک هەڵدەدەن."













گەلەری