سەردێڕ:

پارتی کاندیدی خۆى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق دیاریکرد

PM:09:14:12/01/2022

13724 جار خوێندراوەتەوە

ململانێکانی پارتی و یەکێتیی لەسەر وەرگرتنی پلە و پۆستەکانی بەغدا بەردەوامی هەیە و پارتیش کاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاریکرد.


ناوەندى هەواڵى نیشتیمانى عێراق رایگەیاند، "هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى وەک کاندید بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ناوى خۆى تۆمارکرد."

بەگوێرەى زانیارییەکان، دوای ئەوەی کە یەکێتیی پێداگرى کردووە لەسەر کاندیدکردنى بەرهەم ساڵح بۆ خولى دووەمى سەرۆک کۆمارى عێراق، پارتى دیموکراتى کوردستان هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبى سیاسى ئەو پارتەى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمارى و کێبرکێى بەرهەم ساڵح کاندید کردووە.

دوێنێش، حاکم رزگار ئەمین دادوەر و کەسایەتی سەربەخۆ (دادوەری کەیسی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق) رایگەیاند، خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردووە.

شەڕى بەردەوامى پارتى و یەکێتیی لەسەر پلە و پۆست و ئیمتیازاتەکان بووە لە هەرێم و بەغدا، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، لە بەغدا هەردوولایان بەشدارییان لە حکومەتەکاندا کردووە و پۆستی باڵایان وەرگرتووە، بەڵام زۆرترین سوود بۆ خۆیان و کەمترین سوود بۆ هاوڵاتییان هەبووە لە بەشداریکردنەکانیان.

چەند رۆژێکە، پەرلەمانی عێراق ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كردووەتەوە و تا سبەینێ دەرگای خۆپاڵاوتن کراوەیەوە و دەڵێت، رۆژی ٨ی مانگی داهاتوو هه‌ڵبژاردن بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

شەش مەرج بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکەن دیارکراون کە بریتیین لەوەی:

-دەبێت لە دایکبوونی عێراقی بێت.

-دایک و باوکی عێراقی بن.

-دەبێت تەمەنی سەروو ٤٠ ساڵ بێت.

-دەبێت ناوبانگی باشی ھەبێت، گەندەڵ نەبێت و دڵسۆزیی نیشتمان بێت.

-ھەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستنی عێراق، دانی پێدا نرابێت.

-لەسەر تاوانی شەرەف حکوم نەدرابێت و حکومەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی نەیگرتبێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەپێی دەستوور کۆتا وادە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ٨ی مانگی شوباتی داھاتوو دەبێت.













گەلەری