سەردێڕ:

حکومەتی ھەرێم ھۆکاری سستی لە دابەشکردنی موچەدا ئاشکرادەکات

PM:04:24:12/01/2022

94788 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، بەهۆی درەنگ هاتنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەوە موچە خاو دابەش دەکرێت.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا دیوانی چاودێری عێراق سەردانی هەرێمی کرد و وردبینی بۆ داهاتەکانی هەرێم کرد و لە ماوەکانی داهاتوودا راپۆرتی خۆیان ئاڕاستەی هەرێم و بەغدا دەکەن."

باسی لەوەشکردووە، "دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم پەسەندکراوە و هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێم."

راشیگەیاندووە، "بەهۆی درەنگ هاتنی ٢٠٠ ملیارەکە لە بەغداوە موچە خاو دابەش دەکرێت و هەر کات پارە گەیشت لە چەند رۆژێک کەمدا موچە دابەشدەکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.

لە درێژەی قسەکانیدا جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە رووی سەربازیدا لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە هەماهەنگی هەیە و هیوادارین هەماهەنگییەکە لەسەر زەویش رەنگ بداتەوە."

جوتیار عادل وتووشییەتی، "هەوڵێک هەیە پلانی حکومەت بۆ پرۆژەکانی ئاو و کارەبا شکستی پێبهێنرێت"، دەشڵێت، "داشکانی ١٥٪ لە قەرزی کارەبا و سزاکانی دواکەوتن و سەرپێچی بۆ هاوبەشانی کارەبا تا ١ی ٣ درێژکرایەوە."

دوێنێ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە هەولێر رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم باسی لە باشى دۆخی مافی مرۆڤ و رەوشی ئازادیی رادەربین و میدیا لە ساڵی ٢٠٢١ لە هەرێم کرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەو کۆنفرانسەدا رێگە بە کەناڵی ئێن ئاڕ تی نەدرا بەشداری بکات.

ئەمڕۆش بە هەمان شێوە لە کۆنفڕانسی رۆژنامەنوسی وتەبێژی حکومەتی هەرێمدا رێگە بە ئێن ئاڕ تی نەدرا بەشداری بکات، لەکاتێکدا جوتیار عادل لە کۆنفڕانسەکەدا وتی، "هەموو کات دەرگامان بۆ رۆژنامەنوسان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان واڵایە." 













گەلەری