سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق کێشە بۆ ھاوڵاتییەک دروستدەکات و ئەویش سکاڵا تۆمار دەکات

PM:02:37:12/01/2022

42304 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە ئامانجی خۆکاندیدکردنی ھاوڵاتییان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ژمارەیەکی بڵاوکردووەتەوە تا لە رێیەوە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە بکەن، دەرکەوتووە ژمارەکە ھەڵەیە و خاوەنەکەی خوێندکارێکی ئاساییە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، جەعفەر سادق، ھاوڵاتی عێراقی بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، "پەرلەمانی عێراق ژمارەکەی منییان بڵاوکردووەتەوە تا لە رێیەوە کاندیدانی سەرۆک کۆمار پەیوەندییان پێەوەبکەن".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ژمارەیەی پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە ھی ئەوە و ئەو ھاوڵاتییانەی بە نیازن خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید بکەن بەھەڵە لە جیاتی ئەوەی پەیوەندی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بکەن، پەیوەندی بەوەوە دەکەن.
دەشڵێت، ئەو خوێندکارە و لەو کاتەوەی ژمارەکەی بڵاوکراوەتەوە ٣٥٠ جار پەیوەندی پێوە کراوە. 
جەعفەر سادق باسی لەوەشکردووە، بەنیازە لە دادگا سکاڵا لەسەر پەرلەمان تۆمار بکات بەھۆکاری ئەوەی ژمارەکەی بەھەڵە بڵاوکردووەتەوە و خەڵکێکی زۆر بە پەیوەندیەکانیان بێزارییان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو ژمارەی ئاشکرا کرد بەمەبەستی ئەوەی ھەر ھاوڵاتییەک بەنیازبێت خۆی کاندید بکات لە رێگەی یەکێک لەو دوو ژمارانەوە پەیوەندی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بکەن.
لەلایەن خۆشییەوە ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ھاوڵاتییان دەتوانن رۆژانە لە کاتژمێر ٩ی سەر لەبەیانییەوە تا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ بە مەبەستی خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بکەن، بێ ئەوەی ھیچ ئاماژە بە ھەڵەبوونی ژمارەکە بکات.












گەلەری