ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی بڵاویکردەوە، بڵاوبوونەوەی جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کاریگەری ھەیە لەسەر ئەوەی کۆرۆنا ببێتە نەخۆشییەکی ئاسایی کە مرۆڤایەتی بتوانێت وەک نەخۆشییەکی ئاسایی لەگەڵیدا بژی، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا پەتایەکی جیھانییە.
مارکۆ کافالیری، سەرۆکی ستراتیجی ڤاکسین لە ناوەندی ئەمستردام رایگەیاند، ھیچ کەسێک نازانێت بە دیاریکراوی کەی پەتەکا کۆتایی پێدێت، بەڵام رۆژێک ھەر پێی دەگەین.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی پابەند بە خۆپارێزییەوە و لەگەڵ بوونی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، ئاستی بەرگری بەرزی سروشتی بوونی دەبێت و بەمەش زووتر بەرەو کۆتایی رێگەکە دەچین.
ھاوکات، زانایان باس لەوەدەکەن لێکۆڵینەوەکان لە ئەفریقای باشوور نیشانی داوە شەپۆلەکەی ئۆمیکرۆنی گۆڕاو "بە خێراییەکی بێوێنە" گواسراوەتەوە، بەڵام نەخۆشییەکی کەمتر مەترسیدار و نیشانەکانی سوکتر بوون بەراورد بە شەپۆلەکانی پێشووی کۆرۆنا.
لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا، لە شاری وھانی چین ڤایرۆسی بەربڵاوی کۆرۆنا سەریھەڵدا و دوای ماوەیەکیش زۆربەی وڵاتانی جیھانی گرتەوە و بەو ھۆیەشەوە، حکومەتی وڵاتان کەرەنتینە و قەدەغەی ھاتوچۆ و گەشتی ئاسمانی پیادەکرد، تا ئێستاش ٣١٢ ملیۆن و ٥٦٢ ھەزار و ٦٧٧ ھەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، پێنج ملیۆن و ٥١٨ ھەزار و ٣٣١ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.