نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هاوپەیمانیەتەکەی پابەندە بە بەژداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمان کە بڕیارە لە ١٠ ى تشرینی یەکەمی داهاتوو ئەنجامبدرێت.
نوری مالیکی لە
تویتێکدا بڵاویکردەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە کاتی خۆیدا ئەنجامدەدریت
و هەڵوێستی ئەو لاینەیانەی کە باس لە بایکۆتکردنی پرۆسەکە دەکەن ڕێزی لێگیراوە بەڵام
ئەمە هەڵوێستی تایبەتی خۆیانە و نابێت فەرز بکرێت بەسەر تەواوی ئەو لایەنانەی کە
چالاکن و دەیانەوێت بەژداری لەپرۆسەکە بکەن.
نوری مالیکی وتیشی،
هەڵبژاردنی پێشوەختە داوایەکی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق و مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانە
و پێویسته حکومەت سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئەمنی بۆ دابین بکات لەپێناو سەرخستنی ئەم
پرۆسەیە.
ناوەڕاستی ئەم
مانگە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی
عێراق ناکەم". ھەروەھا راشیگەیاند، وەزیرەکانی رەوتەکەی لە کابینەی ئێستای
حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی دەکشێنێتەوە.
موقتەدا سەدر، جەختیشى
کردەوە کە دەبێت گەندەڵکاران دادگایی بکرێن و هۆشداریشدا سەبارەت بەوەى کە عێراق وەکوو
سووریا و ئەفغانستانى لێدێت.
سەدر، راشیگەیاند،
بەداخەوە عێراق هەموو جوانییەکی لێ سەندراوەتەوە و تەنھا وێرانکاریی بۆ ماوەتەوە،
عێراق پڕ بووە لە کەسانی داگیرکار و گەندەڵکار، هەموویان لەسەر بەرژەوەندی کەسیی خۆیان
رێککەوتوون و پارە و دەسەڵات و چەکیان دەوێت.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی
ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.