چاوگێک لە وەزارەتی داراییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ موچەی دەزگای گشتی ئاسایشی ھەرێم دابەشدەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەوە حکومەتی ھەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچە کردووە و رۆژانە موچەی یەک یان دوو وەزارەت و شوێن دەدات.
دابەشکردنی موچە لە رۆژی ٢ی مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی لیستێکی تەواوەتی بۆ موچە بڵاونەکردووەتەوە و دابەشکردنی موچە بە خاوی بەڕێوەدەچێت. جگە لەوەی ئەو موچەیەی دابەشدەکرێت؛ موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووە.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی ١ی ٢٠٢٢، موچەی ئەنجومەنی ئاسایش دابەش کرا و بڕیارە سبەی چوارشەممە موچەی دەزگای گشتی ئاسایش موچە وەربگرن.
گۆڕانکارییەکان لە لیستی موچەدا بە جۆرێکە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتەکانی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی موچە وەربگرن، بەڵام گۆڕانکاری لە لیستەکەدا کرا و گۆڕدرا بۆ "فەرماندەیی زێرەڤانی، لیوای نەوت و گاز، ھێزی ئامادەیی سلێمانی و وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان."
لە پێشتردا، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، وەزارەتی دارایی ھەرێم سێ جار گۆڕانکاری لە لیستی موچەدا پێنجشەممەدا کرد و ھەر جارە و ناوی چەند وەزارەتێک دەبات. لە ئێستاشدا حکومەتی ھەرێم ھەر رۆژەی موچەی یەک یان دوو دەستە و وەزارەت و شوێن دابەشدەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ھەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.
داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.
ھێرش قادر، ھەولێر