بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، گەڕەکەکانی قادسییە و دیوم لە پارێزگای سەڵاحەدین بەھۆی بارینی بڕێکی زۆر بارانەوە بەتەواوەتی لافاو دایپۆشیون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی بارینی بارانێکی زۆر لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە باکوری ئەو پارێزگایە ھەردوو گەڕەکی قادسیە و دیوم بەتەواوەتی لافاو دایپۆشیون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەپارێزگای سامەڕاش لە ئانجامی رۆچوونی بەشێک لە ئاوەڕۆی پارێزگاکە زیان بەچەند ئۆتۆمبێلێک کەوتووە.
ھەربەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەم رووداوانە توڕەبوونی ھاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا ھێناوە و حکومەت بە بەرپرس دەزانن و دەڵێن، "دزینی سامانی گشتی و گەندەڵی ئیداری و دزینی ئەو بڕە پارەیەی بۆ چاککردن و بەرەو پێشبردنی سیستمی ئاوەڕۆی پارێزگاکە تەرخانکرابوو ھۆکاری روودانی رووداوەکەیە".
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، عەمار جەبار پارێزگاری سەڵاحەدین لە راگەیەنراوێکدا فەرمانی پشووی فەرمی و راگرتنی دەوامی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکە و قوتابخانەکانی جگە لە تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکانی بۆ ھەردوو رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە راگەیاند بەھۆکاری پێشبینیکردنی بارینی بارانێکی زۆر لە پارێزگاکە و دروستبوونی لافاو.