سەردێڕ:

ئەمريكا ژمارەیەک بەرپرسى باڵاى ئەمنى و دامەزراوەى سوریای خستە ليستى سزاكانيیەوە

AM:10:03:29/07/2021

3184 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی ئەمریکا ھەشت گرتووخانە، پێنج بەرپرسی باڵای ئەمنی و گروپێکی چەکداریی و دوو سەرکردەی سەربە رژێمی بەشار ئەسەدی خستە لیستی سزاکانییەوە.


بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، نووسینگەی پاراستنی سامانی بیانییەکان (OFAC)، لە سوریا سزای سەپاندووەتە سەر ھەشت گرتووخانە کە لەلایەن ھەواڵگریی رژێمی ئەسەدەوە بەڕێوەدەبردرێن و تێیدا پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی لە بەرامبەر زیندانیانی سیاسی و بەندکراوەکانی دیکەدا ئەنجامدەدرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێنج بەرپرسی باڵای ئەمنی ئەم گرتووخانانەش خراونەتە لیستی سزاکانەوە و هاتووە "رژێمی ئەسەد شەڕێکی قورسی لەبەرامبەر خەڵکی سوریا بەرپاکردووە، سەدان ھەزار سوری کە داوای چاکسازی و گۆڕانکاری دەکەن فڕێداوەتە زیندانەکانەوە و نزیکەی ١٤ ھەزاری ئەم زيندانييانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیانلەدەستداوە".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوشکراوە کە تاکو ئەمڕۆ زیاتر لە ١٣٠ ھەزار کەس بێسەروشوێن کراون یان بەبێ تاوان خراونەتە زیندانەکانەوە و جەختی لەوە کردەوە کە زۆرینەی ئەو ژمارەیە یان کوژراون یان بەبێ ئاگاداری کەسوکار و نوێنەرە یاساییەکانیان دەستگیرکراون.

جگە لەوە نووسینگەی پاراستنی سامانی بیانییەکان (OFAC)، بەھۆی چالاکییەکانیان لە دژی خەڵکی مەدەنی لە باکوری سوریا، گروپی چەکداریی ئەحرار شەرقییە و دوو سەرکردەی گروپەکەیشی خستووەتە لیستی سزاکانەوە.













گەلەری