سەردێڕ:

هاتوچۆی نێوان هەرێم و ئێران ئاسایی دەبێتەوە

PM:10:50:10/01/2022

6008 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا بۆ ماوەی ١٥ رۆژ هاتوچۆی نێوان هەرێم و ئێران راگیرا، لەم هەفتەیەدا وادەکە کۆتایی دێت و هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.


عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێران بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ رێکارەکانی ھاتوچۆی توند کردبوو، بەڵام لەم ھەفتەیەدا وادەکە کۆتایی دێت و ئەگەر بڕیاری دیکە نەدرێت، ھاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارەکە وەزارەتی تەندروستی ئێران ماوەیەک لەمەوبەر دەریکرد، کە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ ھاتوچۆکردن لە نێوان ھەرێم و ئێران رێکارەکان توند دەبن و تەنھا بۆ ھەندێک حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت وەکو نەخۆشی و ھەندێک حاڵەتی دیکە.

ئەوەشی خستەڕوو، بازرگانیکردن لە نێوان ھەرێم و ئێران بەردەوامە و رانەگیراوە و لە ئاستێکی باشدایە، بڕیاریشە شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی پارێزگاری ئورمیە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوولا باشتر بکرێت.

دەشڵێت، ھەرێم و ئێران گرنگی بە پەیوەندییەکانیان دەدەن، بە تایبەت لە بواری بازرگانی و بەردەوامیش ھەوڵ دەدرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بکرێت.

لەماوەی رابردوودا، بەمەبەستی رێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەک رێکارێکی تایبەت بە ڤایرۆسەکە؛ بۆ ماوەی ١٥ رۆژ گەشتی نێوان هەرێم و ئێران راگیرا.

هـ.ئـ













گەلەری