سەردێڕ:

دەرگای خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە

PM:06:23:10/01/2022

7444 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە و شەش مەرجیشی بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ ئەو پۆستەیە کاندید دەکەن، داناوە.


ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە ماددەکانی ٢ و ٣ لە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە یاسای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەنجوومەنی نوێنەران کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رادەگەیەنێت.

ئەوەش ھاتووە، "ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکەن، دەبێت لە میانی رۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ی ئەم مانگە، نووسراو لەگەڵ بەڵگەنامەی فەرمی خۆیان پێشکەش بکەن".

ھەر لە راگەیەندراوەکەدا، شەش مەرج بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکەن دیارکراون کە بریتیین لەوەی:

-دەبێت لە دایکبوونی عێراقی بێت.

-دایک و باوکی عێراقی بن.

-دەبێت تەمەنی سەروو ٤٠ ساڵ بێت.

-دەبێت ناوبانگی باشی ھەبێت، گەندەڵ نەبێت و دڵسۆزیی نیشتمان بێت.

-ھەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستنی عێراق، دانی پێدا نرابێت.

-لەسەر تاوانی شەرەف حکوم نەدرابێت و حکومەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی نەیگرتبێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەپێی دەستوور کۆتا وادە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ٨ی مانگی شوباتی داھاتوو دەبێت.

هـ.ئـ













گەلەری