سەردێڕ:

لەبارەی کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە روونکردنەوە دەدرێت

PM:04:14:10/01/2022

10952 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی و پێویستی زۆر بە کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکەن، لیژنەکانیان بە وردی چاودێری مۆلیدەکان دەکەن.


کوردۆ فایەق نامیق سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی ٧٠٠ مۆلیدەی ئەهلی لە سنووری سلێمانیدا هەیە و ژمارەی سەردانەکانیان بۆ چاودێریکردنی کاری مۆلیدەکان زیاتر کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەهۆی کارپێکردنی زۆرەوە رۆژانە مۆلیدەکان توشی کێشەی تەکنیکی دەبن، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەردەکرێن، هەر مۆلیدەیەک لەکاربکەوێت خاوەنەکەی ناچار دەکرێت لە ماوەی یەک رۆژدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابین بکات، ئەگەر پابەند نەبێت سزاکەی هەتا لێسەندنەوەی مۆڵەت دەڕوات، چونکە رێگە نادەین هیچ گەڕەکێک بێ کارەبای مۆلیدە بێت."

لەبارەی ڤۆڵتییەی کارەبای مۆلیدەکانەوە وتی، "دەبێت لەلای مۆلیدەکە ڤۆڵتییەی سریفێس لە ٤٠٠ و هێڵی ئاسایی لە ٢٠٠ کەمتر نەبێت، لەم رووەوە بەردەوام چاودێری مۆلیدەکان دەکەین.

سەبارەت بە بەرنامەی کاری مۆلیدەکان، کوردۆ فایەق ئاماژەی بەوەکرد، قائیمقامیەت بە هەماهەنگی لەگەڵ کارەبای سلێمانی کاتژمێرەکانی ئیشپێکردنی مۆلیدەکان دیاری دەکات.

سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان داوای کرد لەکاتی هەر گلەیی و گازندەیەک لە هەر مۆلیدەیەک، لە هەر کاتێکدا بێت هاوڵاتیان پەیوەندی بە ژمارە موبایلی 07701363679 بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ماوەی ٣٠ ساڵە لە هەرێم کێشەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتییان چارەسەرنەکراوە و کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتیش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن، بەڵام کەمترین هەنگاوی کردەییان لەو بوارەدا ناوە و سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتییان پارەی کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەش دەدەن، بەڵام کاتژمێرەکانی کارەبا لە ئاست خواستی هاوڵاتییاندا نییە.













گەلەری