سەردێڕ:

سبەینێ لە بەغدا چی روودەدات؟

PM:11:15:08/01/2022

6644 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا رێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت ئەنجام نەدراوە.


بەگوێرەی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا، لە دانیشتنەکەی سبەینێ یەکشەممەی پەرلەمانی عێراقدا، پەرلەمانتارانی عێراق سوێندی یاسایی دەخۆن و دانیشتنەکە لەلایەن مەحمود مەشهەدانی وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەبرێت.

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق یەک پاکێجن و گەرچی محەمەد حەلبوسی کاندیدی سونەیە، بەڵام کورد و شیعە لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران رێکنەکەوتوون.

لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کە یەکێکە لە ئەگەرەکان، ئەوا لەنێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەردا رێککەوتن کراوە، کە حەلبوسی ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی نێوان شیعەکان دۆخی عێراقی بەرەو گرژی بردووە، لەکاتێکدا سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانە، کەچی دەرچەیەک بۆ رێککەوتن نەدۆزراوەتەوە، وتیشی، "بۆیە رەنگە دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، تا ئەوکاتەی لەسەر پۆستەکان رێککەوتن دەکرێت."

بەپێی بڕیارە یاساییەکانی عێراق، گەر رێککەوتنیش نەکرێت لەسەر پۆستەکان، نابێت دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، بۆیە رەنگە ناوی "بەردەوامبوونی دانیشتن" یاخود "درێژکردنەوە" وەکو دەرەچەیەکی یاسایی بەکاربهێنن.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لەماوەی یاساییدا، رێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک حکومەت نەکرێت، گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، پۆستەکانی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمان وەکو یەک پاکێجی لێهاتووە، بۆیە دوور نیە ئەگەر کورد و شیعە لە سەر پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران رێکنەکەون، رەنگە لە دانیشتنەکەدا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت، وتیشی، "سەدر داوای حکومەتی زۆرینە دەکات، لەکاتێکدا نابێت لە حکومەتی زۆرینەدا پێکهاتە و ژمارەی کورسی لەبەرچاو بگیرێت."

هۆشیار عەبدوڵا روونیشیکردەوە، "دانیشتنەکە لەلایەن مەحمود مەشهەدانیەوە وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەبرێت، ئەوانەی شارەزای سایکۆلۆژیا و ئەدای ئەو پیاوەن، ئاگادارن لەوەی حەزی بە درێژکردنەوەی دانیشتنەکان و مانەوەیەتی لە پۆستەکەی، چونکە سەرۆکی کاتی رۆڵی دەبێت لە ئاڕاستەکردنی دانیشتنەکان."

هەموو لایەنە عێراقییەکان بەهەموو پێکهاتەکانەوە لە نێو گێژاوی قەلەقی و کێشەدان، سەدر گیرۆدەی دەست بەڵێنەکانی بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و ناشتوانێت هێزە شیعە خاوەن چەکەکان پەراوێز بخات، ئەمەش کێشمەکێشی نێو ماڵی شیعەی قوڵتر کردووەتەوە، بەڕای چاودێران، ئەگەر سەدر نەبێتە ئۆپۆزسیۆن و رازی بێت لایەنە شیعەکان بەشداری پێبکات، دەبێت پاساوێک بدۆزێتەوە، رەنگە تۆمەتبارکردنی کورد و سونە بێت بەوەی حکومەتی زۆرینەیان لەگەڵ پێکنەهێناوە.

عەرەبی سونەش سەرباری رێککەوتن لەسەر پۆستەکان، هێشتا گرفتاری کێشەی قوڵن، بەو پێیەی هەندێک لە پەرلەمانتارەکان پابەندنابن و رکابەری دەکەن، ئەمە جگە لەوەی ناتوانن ببنە بەشێک لە کێشەکانی نێو شیعە و رێککەوتن لەگەڵ لایەکیان ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە هێزە کوردیەکانیش، ئەگەرچی پارتی لە یەکتر نزیکبوونەوەی لەگەڵ سەدر هەیە، بەڵام دوو دڵە لەوەی ببێتە بەشێک لە کێشەی نێوان شیعە ولەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماریش، هێشتا لەگەڵ یەکێتیدا گرفتی هەیە.

هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە ئەوەی گرفتی بۆ سەدر دروستکردووە، خواستیەتی بۆ بەشداریکردنی زۆرینەی کورد و سونە لە حکومەتدا، لەکاتێکدا دەیەوێت زۆربەی لایەنە شیعەکان بخاتە دەرەوەی چوارچێوەی حکومەتەوە، ئەمەش قورسە بۆی و ناهاوسەنگی دروست دەبێت.

هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، "کوردیش تائێستا لەسەر سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتووە و پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵحی قەبوڵنەکردووە، سونەکانیش رووبەڕووی ئیحراجی بوونەتەوە، چونکە حەلبوسی لە دەرەوەی عێراقەوە سەپێنراوە و خەنجەر رازیکراوە."

جەختیشیکردەوە، "لەم خولەی پەرلەماندا، ئەوانەی چەک و هێزیان لایە کەمینەن لە نێو پەرلەمان، بۆیە رەنگە پەرلەمان ئیفلیج بکرێت یاخود سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوەخت دووبارە بێتەوە."

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

لە دوای ئەوەیش، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێناوە.

لە ناو هێزە کوردییەکانیشدا، پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ١٨ کورسییان بەدەستهێناوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانیە.













گەلەری