سەردێڕ:

حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید کرا

PM:09:48:08/01/2022

3892 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم کە دوو هێزی سوننەن لە عێراق و بەجیا بەشداریی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمیان کرد، هاویمانییەکیان لەژێر ناوی هاوپەیمانی سوننەکان پێکهێنا و بڕیاریشیاندا محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید بکەن.


ئەمڕۆ شەممە، هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی سوننەکان و خەمیس خەنجەر کرایە سەرۆکی هاوپیمانییەکە.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تەقەدوم و عەزم رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی محەمەد حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان کە بەپێی عورفێک لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ئەم پۆستە لای سوننەکانە.

ئەم رێککەوتنەی سوننەکان لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی بەدەستهێناوە.














گەلەری