سەردێڕ:

لەبارەی پێوەری زیرەکەوە؛ پەیامێک لە وەزارەتی کارەباوە

PM:09:22:08/01/2022

39464 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم بە هاوبەشانی کارەبا دەڵێت، "ئەگەر زیان بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا بگات سەرەتا زیانت بە کارەبای ماڵەکەی خۆت گەیاندووە"، دەشڵێت، "لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیانداین."


پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێکدا "بۆ لێکردنەوەی پێوەری کارەبا لە سبەینێ یەکشەممەدا" دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێکە لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا ئێستا ٧٩٪ی پڕۆژەکە تەواوبووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕنەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدیبێنێت."

باسی لەوەشکردووە، "پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێکەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد."

راشیگەیاندووە، "کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە."

وتووشییەتی، "پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپێچی گێڕاوە."

بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٥٠ فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، ١٠٠ سەرەمحاویلە لەسەر بووە، لەساڵی ٢٠٢١ بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ ١٠ سەرەمحاویلە و ١٠ فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە.

دەشڵێت، "پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات، بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو."

روونیشیکردەوە، "تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت."

ساڵانە، لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین کابینەی حکومەتی هەرێم و پاش چەندین بەڵێن بۆ چاککردنی، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم لە ئاست داواکارییەکانیاندا نییە.













گەلەری