سەردێڕ:

کەرکووک لە ئەجێندای حزبە کوردییەکاندا

PM:06:38:08/01/2022

2380 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد کاندیدی سەرکەوتووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەموو پەرلەمانتارێک دەبێت تێبگات کە پەرلەمانتار و بەرپرس ھیچ نیین جگە لە خزمەتکارێک.


ئومێد محەمەد کاندیدی سەرکەوتووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەجێندای پارتە کوردییەکان لەبارەی کەرکوکەوە رایگەیاند، لە رابردوودا، لە کەرکوک چوار حزب کورسی دەبرد و پۆستەکانشیان دابەشدەکرد بۆیە پەرلەمانتار وای لێھاتبوو کە بە شەقامدا دەرۆشت دەبوو شەقامەکە ھەمووی بگیرایە و پاسەوانەکانی چاوتی دەردەکرد.

هەردوو لایەنی کوردی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، لە بەغدا پێکەوە بەشداری دانوستانەکانی دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق دەکەن، سەرەڕای کەرکووک لەئەجێندەی حزبە کوردییەکاندا کێ بڕکێی شاراوە و ئاشکراکانیان لە هەمبەر یەکتری، پرسی کەرکوک و دەست نیشان کردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، کەوتووەتە نێو گفتوگۆکانیانەوە.

لەچوارچیوەی بەشداری کردنیان لە بەرنامەیەی ئەم هەفتەیەی هەلەو واشنتن، بە ئامادەبوونی هەریەک لە کاوێز مەلا پەروێز نوسەر و کادری پارتی دیموکراتی کوردستان و شوان داودی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێڕاق لەسەر پشکی یەکێتی، لە کەرکوک تاوتوێی چارەنوسی ئەو شارە و پێشهات و ئەگەرەکانیان کرد.

شوان داودی ئاماژەی بەوەدا، "وا دانراوە کەرکوک پرسێکی ستراتیژی کوردە، بەڵام ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو بینیمان، ئەوەی لەناو ستراتیژی کوردا بوونی نەبێت، پرسی کەرکوکە".

دەشڵێت، ئەو دۆخەی کەرکوکی ئێستا دەرئەنجامی سیاسەتی نا واقیع بینانەی سەرکردایەتی سیاسی کوردە، هەموو چوار ساڵ جارێک کە پرسی پیکهێنانی حکومەتی عێراقی دێتە کایەوە، باسی پرسی کەرکوک دەکەن و دەکرێتە کارتێکی دانوستانەکان، تاوەکو فشار لەسەر یەکتری بکەن، کەرکوک وەک کارتێکی فشاری دانوستانەکان بەکار دەهێنن، تاکە زەرەر مەندیش خەڵکەکەی کەرکوکە بە گشتی و کورد بە تایبەتی.

لە دوای پرۆسەی روخانی سەدام حسێن، کوردیش لە کەرکوک و زۆربەی ناوچە جێ ناکۆکەکان کە ناوچەی زۆر فراوانن و یەکلایی نەکراونەتەوە و ناوی ناوچەی جێ ناکۆکیان لێ نراوە، ئەوەش بە هۆی سیاسەتی بە عەرەب کردنی ناوچە کورد نشینەکانی پارێزگای کەرکوک و تکریت و موسڵە، لەسەردەمی رژێمی رابردوودا. بەڵام کورد لە دوای گەرانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە لە رووی سیاسیەوە توانیویانە ئەو مافانە بگەڕیننەوە کە لە دەستوری نوێی عێڕاقیشدا ئاماژەیان بۆ کراوە.

لەو بارەیەوە کاوێز مەلا پەروێز باسی لەوەکرد، "تێگەیشتنی حیزبی ئێمە بۆ مەسەلەی کەرکوک زیانی یەکجگار زۆری بە پرسی کەرکوک گەیاندووە، ئەو ململانێیانەی نێو ماڵی کوردی خزمەتی سەرەکی بەلایەنی بەرامبەر گەیاندووە کە عەرەب وتورکمان بووە. فرسەتی زۆر گەورەمان هاتە پێش، بەڵام ئەم تێگەیشتنە حیزبییە، دۆخێکی وەهای هێناوەتە پێش پرسی کەرکوک زۆر بچووک بکەینەوەو تەسلیمی قەدەری بکەین".

وتیشی، لەو سەردەمانەی کە دەسەڵاتیشیان هەبووە، نەیان توانیوە لایەنەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان لە خۆیان رازی بکەین، وەک چۆن ئێستا لایەنی کوردی لە شارەکە هەست بە نادادی دەکەن.

کاوێز مەلا پەروێز ئەوەشی خستەڕوو، "حیزبەکان بە حیزبەکەی خۆشمەوە هیچیان لە ئاستی بەرپرسیاریتیدا نەبوون، پارتی ویەکێتی وەک یەک کەم تەرخەمن لەسەر مەسەلەی کەرکوک".

مادەی ١٤٠ی دەستوور دانراوە بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا بۆچی لە پەرلەمانەوە کار بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادەیە نەکراوە، شوان داودی کە خۆی ئەندام پەرلەمان بووە و نوێنەری کەرکوکیش بووە لەو پەرلەمانەدا، وتی، "لە بنچینەدا کێشەو گیروگرفتە کەڵەکە کراوەکانی ئەم ناوچانە بە مادەی ١٤٠ سڕ کرا، نەوەکو چارەسەریان بکات، ببینە شارێکی وەکو کەرکوک ٤٠ ساڵ زیاتر تەعریب کراوە بە بەرنامەو بەشێوەیەکی مەنهەجی. مومکین نییە بتوانیت بە دوو ساڵ چارەسەری بکەیت وەک لە دەستووردا هاتووە".

ئاشکراشی کرد، "ئێمە وەکو کورد دەرهەق بەکەرکوک بەر لەوەی گلەیی لە نەیارەکانمان بکەین با گلەیی لە خۆمان بکەین، هیچ پارتێکیان کاریان بۆ کەرکوک نەکردووە، ئەوەندەی ویستویانە خۆیان زاڵ دەربکەون و دەستیان بە زۆرترین پۆست و پرۆژەکانی شارەکەدا بگات".

لەبارەی جۆری ململانێکانیشەوە ئاماژەی بەوەدا، "ئاستی ململانێکانیش ململانێیەکی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو ململانێیەکی حیزبی بووە، لە پەرلەمانیش هەندێک مادە کورد لەگەڵیدا نەبووە، لای بەرامبەریش هەروا بووە، هەندێک مادە ئێمە ویستومانە ئەوان لەگەڵیدا نەبوون".

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و دوای شکستهێنانی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لەو ناچانەی هێزی کوردی تێدا بوو، کەوتەوە دەستی حکومەتی عێراقی و تاوەکو ئێستاش بەو شێوەیە ماوەتەوە.

ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێمی بەدەستەوەیەو هەروەها لەگەڵ یەکێتیدا هاوپەیمانیەتیەکیان دروست کردووە، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حیزبە عێراقیەکاندا لە چاو رابردوو بەرەو باشتر دەچێت، ئایا دەتوانن وەبەرهینان لەو پەرەسەندنانەدا بکەن؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کاوێزی مەلا پەروێز نوسەر و کادری پارتی وتی، "پێویستە مەلەفی کەرکوک لە دەستی حیزبەکاندا دەربهێنرێت، ئەگەر کەرکوک بەلایانەوە مەسەلەیەکی نەتەوەیی بێت، دەبێت بدرێتە دەستی دامەزراوە، نەوەک حیزب و میزاجی سەرکردەکانی".

باسی لەوەسکرد، "تا ئێستاش روون نییە پارتی و یەکێتی چیان لە کەرکوک دەوێت، تۆ لە دروشم گەڕێ کەرکوک کوردستانییە، ئەبێت بەرنامەیەکی رۆشن هەبێت، ئەوەش بە پارتی ویەکێتی ناکرێت، ئەو بەرنامەیە دەبێت لەدەرەوەی ئۆرگانەکانی حیزبەوە بن."

پێش ھاتنی ئوپۆزسیون و دوای ھاتنی ئوپۆزسیون.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ لە ساڵی ٢٠١٨ پۆستێکی لە فەیسبوک کرد نوسیبووی "پەلە مەکەن ماوەیەکی دیکە ھەموو ئەم سیاسیانە دەخەینە سەر جادە".

لە ھەرێمی کوردستان زوو ئەمە روویدا بەجۆرێک پارێزگار وایلێھات دەچووە سەر تانکەر و سەرۆکی حکومەت بە جزمەوە ھاتە سەر شەقام.

بەڵام ئەمە بۆ کەرکوک نامۆ بوو، چونکە لە کەرکوک چوار حزب کورسی دەبرد و پۆستەکانشیان دابەشدەکرد بۆیە پەرلەمانتار وای لێھاتبوو کە بە جادەدا دەرۆشت دەبوو جادەکە ھەموی بگیرایە و پاسەوانەکانی چاوتی دەردەکرد.

تەنانەت ئەندام لقێک یان ئەندام مەڵبەندێکش لە ھیچ دام و دەزگایەکی حکومەت نە سەرەی دەگرت و پاسەوانیشی ھەبوو، ئەمە بۆ بەرەی تورکمانی و بەرەی عەرەبیش ھەر وابوو.

ئەی ئێستا چی؟

ئومێد محەمەد کاندیدی سەرکەوتووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئێمە ھێشتا سوێندمان نەخواردووە تەنھا بە دوو کار ھەرچی بەرپرس و پەرلەمانتار ھەیە خستومانەتە سەر شەقام".

باسی لەوەشکرد، "ھێشتا ماوە، ھەموو پەرلەمانتارێک دەبێت تێبگات کە پەرلەمانتار و بەرپرس ھیچ نیین جگە لە خزمەتکارێک، ماوەیەکی دیکە وایان لێدەکەین روویان نەبێت بە پاسەوانیشەوە بسوڕێنەوە".

وتیشی، ھەر پەرلەمانتارێک یان بەرپرسێکتان بینی لەسەر شەقام یەخەی بگرن و پێی بڵین، "بێ زەحمەت تۆ بە دەنگی من لەوێیت، دەبێ ھەموو فێربێت کە خەڵک نەبێت پەرلەمانتار و بەرپرس ھیچ نیین."













گەلەری