سەردێڕ:

موسەنا ئەمین خۆی بۆ پۆستێکی باڵا لە پەرلەمانی عێراق کاندید دەکات

PM:02:18:08/01/2022

6136 جار خوێندراوەتەوە

موسەنا ئەمین رایگەیاند، خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید دەکات. دەشڵێت، "پێویستە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان رۆڵ بە ئۆپۆزسیۆن بدرێت".


ئەمرۆ شەممە، موسەنا ئەمین کاندیدی سەرکەوتووی فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پێویستە جێگەیەک بدرێت بە فڕاکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی رۆڵی پێویستی خۆیان ببینن لە چاودێریکردنی کابینەی نوێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیارێکیان هەیە بۆ فڕاکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و بەتایبەتیش فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمان، لەسەر بنەما دەستورییەکان و و بەرکەوتە و مافەکان و ئەوەی کە دەیان هەزار کەس دەنگی بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوە، خۆی کاندید دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

داوای لەھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد، دەنگیان پێ بدەن تاوەکو ئۆپۆزسیۆن رۆڵی ھەبێت لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا و ئاشکراشیکرد، تا ئێستا ھیچ لایەنێکی کوردی بە فەرمی کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە نەخستوەتەروو جگە لە یەکگرتوو.

وتیشی، ئەوەی گرنگە چارەسەرکردنی قوت و موچەی خەڵک چۆن چارەسەر دەکات و چۆن مافە دەستورییەکان بەدەست دەهێنێت و چۆن بەشداری سیاسی کارای دەبێت لە حکومەتی نوێی عێراقدا، بەڵام بەداخەوە دوو حزبی دەسەڵات تەنها سەرنجیان لەسەر وەرگرتنی پۆستەکانە.

باسی لەوەشکرد، بوونی ئۆپۆزسیۆن گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ لێپێچینەوە کردن لە کابینەی داهاتوو بۆ ئەوەی عێراق بە ئاقاری ئەزموونەکەی عادل عەبدولمەهدیدا دووبارە نەبێتەوە و دابەشبوونی هێزە شیعەکان پێگەیەکی بەهێزتر بە کورد و سوننە دەدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پارتی و یەکێتی سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان لە حکومەتی نوێی عێراقدا و پێکەوە و بەجیا لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە بەشدار دەبن لە حکومەتی نوێی عێراقدا یان وەک بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ بزوتنەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا لە ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانیە و رایانگەیاند کە وەک بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبن لە پەرلەمانی عێراق و چاودێر دەبن بەسەر کابینەی نوێوە.

بڕیار وایە، سبەی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچیت و تیایدا مەحمود مەشهەدانی کە بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکە بکات.

پاش ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەندکرد، لە رۆژی ٣٠ی ١٢ی ساڵی رابردوودا، سەرۆک کۆماری عێراق ۹ی ۱ی بۆ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستنیشانکرد.













گەلەری