سەردێڕ:

ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لێکۆڵینەوەی هێرشەکانی سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکەن

PM:12:36:08/01/2022

2700 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان، لەبارەی ئاراستەکردنی حەوت کاتیۆشا لە سنووری ناحیەی پردێ بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، دەست پێ کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، ھێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئاراستەکردنی حەوت مووشەکی کاتیۆشا لە باشووری ناحیەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، دەست پێکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، مووشەکەکان لە چەند شوێنێکی جیا کەوتوونەتە خوارەوە کە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتۆتەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە لێکۆڵینەوەکاندا، ھەشت سەکۆی ئاراستەکردنی مووشەک لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە.

پێشتر، وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ھەینی، ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا، لە رۆژھەڵات و باشووری ناحیەی پردێ، بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە سنووری میحوەری پێنج ئاراستەی سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە کرا.

ئاشکراشی کرد، کە مووشەکەکان لە دەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوونەتە خوارەوە و ھیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە، ھاوکات ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتۆتەوە.













گەلەری