سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی داوایەکی بەپەلە ئاراستەی فراکسیۆنی سەدری دەکات

AM:08:21:08/01/2022

6188 جار خوێندراوەتەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی جارێکی دیکە داوای لە فراکسیۆنی سەدر کردەوە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکبهێنن.


چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی ژمارەی ٦٦ی چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ لەبارەی پیکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن و رێکارەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بووە.

 

 

ئاماژەی بەوەشداوە، پێداگری دەکەن لەسەر پابەندبون بە رێکارە یاسایی و دەستورییەکان و داوا لەهەموو ئەندامەکانی پەرلەمان دەکەن، بەتایبەتی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، ئەم داواکارییە بە مەبەستی پاراستنی ماف و بەرکەوتە دەستورییەکان و سەقامگیری پرۆسەی سیاسی.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو،"هیچ فشارێکی دەرەکی لە ئامانجی سەرەکی لامان نادات و هەموو هەڕەشەکانیش وادەکات ئێمە زیاتر خواستمان بۆ بنیاتنان و پێشکەوتن و سوربوونمان بۆ عێراقێکی پێشکەوتووتر بەرەو دیموکراسی، عێراقێکی ئازاد و دادپەروەر هەبێت."

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

لە دوای ئەوەیش، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێناوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانیە.

 

 













گەلەری