سەردێڕ:

بەرپرسێکی باڵای عێراقی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە کشایەوە

PM:09:55:07/01/2022

16260 جار خوێندراوەتەوە

کێشمەکێشم و یەکلاکردنەوەی ناوی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە ئێستادا لە لوتکەدایە و لەو سەروبەندەدا، یەکێک لە کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشایەوە.


خالید عوبەیدی وەزیری پێشووتری بەرگری عێراق و یەکێک لە کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پێکهاتەی سوننەکان کشانەوەی خۆی راگەیاند.

خالید عوبەیدی راگەیاند، "سوپاسی هاوپەیمانیەتی عەزم دەکەم بۆ کاندیدکردنم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام من دەکشێمەوە لە وەرگرتنی پۆستەکە لە بەرژەوەندی مەحمود مەشھەدانی."

لە پێشتردا، عەبدولوەھاب بیلاوی سەرکردە لە ھاوپەیمانی عەزم (کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات) باسی لەوەکردبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگییدا ھاوپەیمانی عەزم ھەریەک لە مەحمود مەشھەدانی، سابت عەباسی و خالید عوبێدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە.

سەرەڕای ئەوەش، تا ئێستا محەممەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە خەمیس خەنجەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار کاندید دەکرێت.

دوای روخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراقدا دابەشکراون و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهاتەی سوننەکان بووە.













گەلەری