بزونتەوەی تاڵیبان بڕیاریدا، چیدیکە لەمەو دوا ژنان ناتوانن لە گەرماوە گشتییەکاندا خۆیان بشۆن، بەمەش توڕەیی و ناڕەزایەتی ژنان و رێکخراوەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەمڕۆ هەینی، ژنانی ئەفغانستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی بڕیارەکەی تاڵیبانەوە رایانگەیاند، ئەمە نمونەیەکی دیکەی توندکردنی رێکارەکان و دەستگرتنی تاڵیبانە بە پێشێلکاری کردنی مافە بنەڕەتییەکان.
دەشڵێن، ترسیان هەیە ئەم بڕیارە تەواوی وڵات بگرێتەوە و
گرفت دروست بکات.
بەکارهێنانی گەرماوی گشتی لەلایەن ژنانەوە، نەریتێکی کۆنی
ئەفغانییەکانە، چونکە هەلێکی باشە بۆ خۆشۆردنی ژنان لە گەرماوی گەرمدا لە وەرزی
زستاندا.
ژنانی باکوری خۆرئاوای شاری هیرات رایانگەیاند، تەنها
٣٩٪ گەڕەکی شارەکە ئاوییان پێگەیشتووە و
ئاوەڕۆیان هەیە، گەڕەکەکانی دیکە نە ئاوییان هەیە نە ئاوەڕۆ.
لەلایەن خۆیەوە، سەردار محەمەد حەیدەری بەرپرس لە لقی وەزارەتی
فەرمانکردن بەچاکە و رێگری کردن لە خراپە رایگەیاند، بڕیارەکە گەرماوەکانی هەردوو
ویلایەتی بەڵخ و هیرات دەگرێتەوە.
بەرپرسێکی دیکەی تاڵیبان بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی
راگەیاندووە، ئەو پشتیوانی لە بڕیارەکە ناکات و دەشڵێت، "پێویستە سەرکردە نوێییەکانی
تاڵیبان سەرنجی زیاتر بخەنە سەر کێشە گەورەکان".