سەردێڕ:

لەژێر فشار و کاردانەوەکان؛ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکەی پیرەمەگرون ئازاد دەکرێن

PM:02:54:07/01/2022

4328 جار خوێندراوەتەوە

شاڵاو عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پاش خۆپیشاندانەکەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێک لە هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران بەبیانووی گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران و لە ئێستاشدا بەهۆی کاردانەوەکان و لە ژێر فشاردا ئازاد دەکرێن.


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ژمارەیان ١٠٠ کەس بووە و بەشێکیان ئازاد کراون و بەشێکی دیکەشیان وردە وردە ئازاد دەکرێن.

هیزە ئەمنییەکان باس لەوەدەکەن، ئەو کەسانە هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی کتێبخانەی قەزاکە، کە چەند فەرمانگەیەکی دیکەشی تێدایە. هێزە ئەمنییەکان دەشڵێن، گوایە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان گۆڕاوە.

بۆ ئەو مەبەستە ئێن ئاڕ تی هەوڵیدا لێدوان لە کەسوکاری ئەو کەسانە وەربگرێت کە لە بەم دواییانە ئازادکراون، یان هێشتا لە زینداندان؛ بەڵام ئامادەنەبوون قسەبکەن و هەندێکیان باسیان لەوەدەکرد، دەترسن بەو هۆیەوە کوڕەکانیان یاخود براکانیان لە زینداندا ئازاربدرێن.

بەشێکیشیان باسیان لەوەکرد، کە کوڕ و براکانیان لە زینداندا ئازاردراون و لێیان دراوە، پێشیان وتراوە دوای دەرچوونتان لە زیندان نابێت قسە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ٢٤ی مانگی رابردوودا، هاوڵاتیانی پیرەمەگروون بە مەبەستی دەربڕینی نارەزایەتی و کەمی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی ژیانیان هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دواتریش خۆپیشاندانەکان گری تێکەوت و هێزە ئەمنییەکان نزیکی ١٠٠ کەسیان لە خۆپیشاندەران دەستگیرکرد.

لە هەفتەی رابردووشدا بە جلوبەرگێکی پرتەقاڵییەوە ڤیدیۆیان لەلایەن ئاسایشەوە بڵاوکرایەوە و باس لەوەکرا، کە گوایە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە. ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیا و لەلای هاوڵاتیان لێکەوتەوە و هاوڵاتیان باسیان لەوەدەکرد، کە ئەو جلوبەرگە چەکدارانی داعش لەکاتی بەردەستکەوتنی "پێشمەرگەیەک یان سەربازێکی سوپای عێراق یان هاوڵاتیەکدا" ئەو جلوبەرگەیان لەبەردەکردن و ئەوەش بووە هۆکاری فشارێک لەسەر ئەو هاوڵاتیانە.

May be an image of 3 people and text












گەلەری