سەردێڕ:

لە چەمچەماڵ سکاڵا لەسەر لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان تۆمار دەکرێت

AM:10:58:07/01/2022

5052 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە توێژە جیاجیاکانی چەمچەماڵ رایانگەیاند، لە بەرامبەر ئەو ستەم و ناحەقیانەی بەرامبەر خەڵکی چەمچەماڵ دەکرێت چیتر بێ دەنگ نابن. دەشڵێن، "رۆژی یەکشەممە لە دادگا داوای یاسایی لەبەرامبەر ئەندامانی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان تۆمار دەکەن".


ئەمرۆ هەینی، بەشێک لە توێژە جیاجیاکانی چەمچەماڵ راگەیەنراوێکیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئێمە وەک بەشێک لە توێژە جیاجیاکانی شارۆچکەی چەمچەماڵ رایدەگەیەنین، کە لە بەرامبەر ئەو ستەم و ناحەقیانەی بەرامبەر خەڵکی شارۆچکەکەمان دەکرێت چیتر بێ دەنگ نابین".

دەشڵێن، "لەیەکەم هەنگاوی کرداریمان دا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ۹ی کانونی دووەمی۲۰۲۲، لە دادگای چەمچەماڵ داوای یاسایی لەبەرامبەر ئەندامانی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان تۆمار دەکەین".

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیاندا هاتووە، چونکە پێیان وایە، ئەو پارەیەی بۆ مانگی رابردوو، مۆلیدە ئەهلیەکان سەندوویانە، لەبەرامبەر کاتژمێری کارکردنیاندا زۆر زیاتر بووە.

دەشڵێن، ئەو رێژە کارکردنەی ئەوان دیاریانکردوە بە ۲۳۰ کاتژمێر، ئەوەندە کارەبا نەدراوە بە هاونیشتیمانیان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەشداوە، جگە لەوەی کرێی یەک کاتژمێر کارەبایان بە ٤٨ دینار خەمڵاندوە، لە کاتێکدا لە تەواوی کوردستاندا زۆر کەمتر لەو نرخە کارەبای مۆلیدە دەدرێت بە هاونیشتیمانیان.

دەشڵێن، "بۆیە وەک هەمیشە دەمانەوێت، دادگا رۆڵی خۆی بگێڕێت و نەهێڵن لە رێگای جۆراو جۆرەوە، بە ناوی جیاجیاوە خەڵک بڕوتێنرێتەوە."

هەروەها، لە راگەیەنراوەکەیاندا داوا لە قائیمقام دەکەن لەم کەیسەدا رۆڵی خۆی بگێڕێ، وەک بەرپرسی یەکەی ئیداری چەمچەماڵ.













گەلەری