سەردێڕ:

قەیرانی کازاخستان..ئایا روسیا لەبەردەم دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئۆکرانیادایە؟

AM:10:27:07/01/2022

3476 جار خوێندراوەتەوە

مۆسکۆ پەلەیەتی لە دیاریکردنی بارودۆخە لەناکاوەکانی کازاخستاندا کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوویش سەقامگیری بەخۆوە بینیوە، بە پێچەوانەی کۆمارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو.


خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کازاخستان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە لەگەڵ پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و خزمەتگوزارییە بانکی و ئینتەرنێتییەکان، بەو هۆیەوە قاسم جومارات توکاییف، سەرۆکی کازاخستان، حاڵەتی لەناکاوی راگەیاند.

هەروەک هەشت ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و سوپای وڵاتەکە کوژراون و سەدانی تریش بریندار بوون بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی خۆپیشاندانەکانی گرتەوە.

ئەم گۆرانە کتوپڕانەی کازاخستانی گرتۆتەوە، روسیای توشی دڵەراوکێ کردووە کە لەوپەڕی ناکۆکیدایە لەگەڵ رۆژئاوادا بەهۆی پرسی ئۆکرانیاوە.

کازاخستان گەورەترین کۆمارە لە رووی پانتایی و قەبارەی سەرچاوە مرۆییەکان لە نێو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دوای روسیا، بە واتایەکی تر، گرنگییە ستراتیجییەکەی کازاخستان لە گرنگی ئۆکرانیا زیاترە، بە درێژایی ٣٠ ساڵ دوای روخانی یەکێتی سۆڤییەت، وڵاتەکە هیچ ناسەقامگیرییەکی بەخۆوە نەبینیەوە کە شایەنی باسکردن بێت.

هەروەک وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەو بارەوە رایگەیاند، کە لە نزیکەوە و بە وردی ئاگاداری بارودۆخی کازاخستانن و هیواخوازن ولاتەکە بگەرێتەوە دۆخی پێشووی.

لەو بارەوە، مەکسیم ئەرتیۆنۆف، لێکۆڵەر لە بواری سیاسیدا دەڵێت، "ئاساییە مۆسکۆ چاودێری بارودۆخەکانی کازاخستان بکات لە نزیکەوە، بەو پێیەی ئەو وانانەی لە ئەزموونی ئۆکرانیاوە بینیونی تا ئێستا لەبەرچاویەتی و بە ئازارن بۆی، هەروەک هەمان بارودۆخی رووداوەکانی بێلاروسیا پێش چەند مانگێك."

هەر ناجێگیرییەکی سیاسی ناوخۆیی لە وڵاتێكی دراوسێی وەک کازاخستان کە لەگەڵ روسیادا هاوبەشن لە زۆرترین سنووردا لە نێوان هەموو دراوسێکانیدا، دەکرێت مەترسی دروستبکات لەسەر بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ.

ئەرتیۆنۆف ئاماژە بەوەش دەکات کە "مۆسکۆ رێگە نادات کازاخستان لە بازنەی دەسەڵاتەکانی دەربچێت، بەو پێیەی گۆرانکاریی لە دەسەڵاتی ئەو ولاتەدا هەڕەشە دروست دەکات لەسەر ئاڕاستەی دیاریکردنی هاوپەیمانی نوێ بۆ مۆسکۆ، وەک چۆن لە پرسی ئۆکرانیادا روودەدات لە ئێستادا."

لە هەمان کاتدا، باس لەوەش دەکات کە مۆسکۆ بەهێزترین و خێراترین پاڵیوراوە لە یارمەتیدانی حکومەتی ئێستای کازاخستان لە رێگریکردن لە بەرپابوونی شۆرشێکی "رەنگاورەنگ" کە رەنگە وڵاتەکە بخاتە گەرودەلوولێکی گەورە کە کاریگەرییەکانی زۆر قورس دەبن.













گەلەری