سەردێڕ:

وەزیری بەرگری کابینەکەی تۆنی بلێر: داوام لێکرا بەڵگەنامەکانی جەنگی عێراق بسوتێنم

PM:08:42:06/01/2022

9360 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری کابینەکەی تۆنی بلێر لە کتێبێکیدا باسی لەوەکردووە، لەکاتی داگیرکردنی عێراقدا ئەوەی کە فەرمانی داوە بەڵگەنامە نهێنییەکان بسوتێنرێت و وردەکاریی ئەوەی روون دەکردەوە کە چۆن جەنگی عێراق نایاساییە تۆنی بلێر بووە.


جێف هۆن وەزیری بەرگری کابینەکەی تۆنی بلێری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە کتێبەکەیدا بەناوی "تەماشابکە چۆن ئەوان رایانکرد" باسی لەوەکردووە، چۆن راوێژکارەکەی تۆنی بلێر کە ناوی جۆناسۆن پاوڵ بووە بە یاریدەدەرە تایبەتییەکەی وتووە "بەڵگەنامەکان لەناوبەرن."

ماڵپەڕی دەیلی مەیلی بەریتانی بەشێک لە کتێبە نوێیەکەی جێف هۆنی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، "سەرۆکایەتی وەزیران داوایان لێکردم بە سوتاندنی دۆکۆمێنتێکی نهێنی کە دەیوت هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا رەنگە کارێکی نایاسایی بێت."

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ساڵی ٢٠١٥دا چەند دەنگۆیەک خرانە پاڵ تۆنی بلێری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لەبارەی سوتاندنی دۆکۆمێنتەکانەوە و ئەو رەتیکردەوە و بە هەڵبەستراو ناوی بردن، بەڵام ئەو وەزیرەی لێپرسراویەتی بەرگری لەسەر بووە لە کاتی جەنگدا، "دوپاتی کردەوە کە بابەتەکە راستە."

جێف هۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت بابەتێکی دیکەش باس دەکرا کە تۆنی بلێر رێککەوتنێکی لەگەڵ جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمریکادا واژۆکردووە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبکەنەوە کە ئەگەر بێت و ئەندامانی پەرلەمان دژ بە جەنگ دەنگ بدەن ئەوا بەریتانیا بەشدار نابێت لە جەنگی عێراقدا.

هێنانەبەر باسی ئەم بابەتەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس واژۆیان کۆکردووەتەوە دژ بە سەرۆکوەزیرانی پێشووی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە هەڵگری نازناوی شەرەف و هاوڕێی سوارچاکە و "لەلایەن شاژنی بەڕیتانیاوە پێی دراوە" و دەیانەوێت نازناوەکانی لێ وەربگیرێتەوە.

جۆن هۆن لە کتێبەکەیدا باسی لە هەستی تایبەتی خۆی کردووە، کاتێک داوای لێکراوە بەڵگەنامەیەک لەبارەی ئەوەی جەنگە یاساییە یاخود نا کە پێشتر ببووە جێی مشتومڕ، دواتریش دەرکەوت کە چەند رۆژێک بەر لە هێرشەکە لۆرد گۆڵدسمیس نووسیویەتی، "دەکرێت جەنگەکە نایاسایی بێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا جێف هۆن باسی لەوەکردووە، زۆرینەی وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و خەڵکی گشتیش لەگەڵ جەنگەکە نەبوون و بە نایاسایی و تاوانیان ناوبردووە.

ئەنتۆنی چاڕلیس لیتۆن بلێر ناسراو بە تۆنی بلێر لەدایکبووی ٦ی ئایاری ١٩٥٣یە و پێشتر لە کاندیدی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بوو، لەنێوان ئایاری ١٩٩٧ تاوەکو تەمموزی ٢٠٠٧ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بووە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ تاوەکو ٢٠٠٧ سکرتێری گشتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بوو، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی بەشداری باڵای ھەبوو لە شەڕی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣.

شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەستی پێکرد، ئەم شەڕە ھێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بوو بۆسەر عێراق کە بووە ھۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رژێمی بەعس لە وڵاتەکەدا کە ماوەی زیاتر لە ٣٥ ساڵ لە دەسەڵاتدا بوون.













گەلەری