سەردێڕ:

لەرێگەی فەیسبوکەوە ھەواڵی نقومبوونی کوڕەکەی پێگەیشت

PM:07:57:28/07/2021

12208 جار خوێندراوەتەوە

باوکی ئەوگەنجەی هەفتەی رابردوو یەختەکەیان لە دەریای ئیجە نوقوم بوو و گیانیلەدەستدا رایگەیاند، لە رێگەی فەیسبوکەوە هەواڵی نقومبوونی یەختەکەی زانیوە و دەستبەجێ قاچاخچیەکەی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام رەتیکردەوەتەوە یەختەکەى ئەوان نقوم بووبێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، باوکی باهۆز رەسوڵ رایگەیاند، نەبوونی و بێ ئیشی باهۆزی ناچارکرد کۆچبکات بۆ دەرەوەی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، گەنجەکە ناوی (باهۆز رەسوڵ عزەت)ە و خەڵکی گوندی کانی خێڵی شارباژێڕە، دوای ئەوەی کە هیچ هەواڵ و سۆراغێکی نەبووە، خانەوادەکەی بڕیاریانداوە پرسەی بۆ دابنین.

شەوی ٢٢ی ئەم مانگەدا، یەختێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە نزیک دوورگەی کریتی یۆنان نقومبوو، کە ٤٠ کەسیان کورد بوون و تیایدا حەوت کەس بێسەروشوێن بوون و دواتر گیانلەدەستدانی بەشێکیان راگەیاندرا و بەشێکیشیان تا ئێستاش سۆراغیان نازانرێت.

دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، ھیوا خدر نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە توکیا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا نوقم بووە، کە ٤٥ کەسی تێدابووە و وتیشی، ٤٠ کەسیان کوردن و خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و بەشێکیان خنکاون.

ئەمڕۆش، لەگەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی، خانەوادەی ئەو گەنجە پرسەیان بۆ داناوە و ئەمەش لەکاتێدکدایە، تائێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی مردنی ئەو گەنجە بڵاونەکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش، تەنها لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن کەس کۆچیان کردووە.

بەشێک لە شارەزایان هۆکارەکانی زۆری رێژەی کۆچکردن بۆ خراپی دۆخی ئابوری، سیاسی، ئەمنی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی رۆژانە، نەبوونی هەلی کار و ناجێگری سیستمی حکومڕانی لە وڵاتدا دەگەڕێننەوە.







گەلەری