سەردێڕ:

پارێزگایەکی عێراق مەترسی نقومبوونی لەسەرە

PM:02:16:05/01/2022

12788 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند:"پێش کۆتایی ئەم سەدەیە پێنج شاری گەورەی جیهان ژێرئاو دەکەون و بەسرەش یەكێکە لەو شارانە".


ئەژی چەتۆ حەسەن بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە،

ئەژی چەتۆ حەسەن کە پشتی بە راپۆڕتێکی کەناڵی "CNBC" عەرەبی بەستووە، ئاماژەی بەناوی ئەو شارانە کردووە کە مەترسی نقومبوونیان لەسەرە؛ بانکۆک لە تایلاند، نیوئۆڕلینز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڤینیسیا لە ئیتاڵیا، بەسرە لە عێراق و کۆلکاتا لە هیندستان.

بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی بڵاوکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە شاری بەسرە باشووری عێراق کە یەکێکە لەو شارانەی هەڕەشەی نقومبوونیان لەسەرە، ئەوەخراوەتەڕوو لەو شارە کە نزمترین ئاستی ھەیە لەسەر رووی دەریا بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق، تۆڕێک لە کەناڵی ئاوی پاک و سازگار ھەبوون ئێستا پڕبوونە لە زبڵ و خاشاک و گیراون، ئیتر لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا و دەریاکان کە بێگومان کەنداوەکانیش لەگەڵیان و لەکاتی روودانی ھەر لافاوێکیش ئەوا بەشێکی زۆری ئەم شارە دووچاری نقومبوون دەبێتەوە.

ئەو زیانانەی کە بەهۆی باران و لافاوەوە لە ناوچەکانی پارێزگای بەسرە روویاندا، بوونە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داواکارییەکانی پەیوەست بە کۆتایی هێنان بەو ستەمەی لە پارێزگاکە دەکرێت، کە بە "سی"ی ئابوریی عێراق دادەنرێت.

هەروەک لەم دواییانەدا، لافاوی زۆری پارێزگاکە دانیشتووانەکەی ناچارکرد بەلەمی بچوکیان بەکاربهێنن بۆ هاتوچۆکردن لە ناو هەندێک لەو گەڕەکەکانەی کە بە لە ئاودا نقوم بووبوون.

ئەم رووداوە دەرگای گفتوگۆی کردەوە بەرووی ئەو وتەیەی کە دەوترێت "بەسرە ستەمی لێدەکرێت" لە کاتێکدا بە دەوڵەمەندترین پارێزگا دادەنرێت لە رووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە و نزیکەی سێ چارەکی نەوتی عێراق بەرهەمدەهێنێت.

لەو بارەوە، چالاکوانانی عێراقی هاشتاگێکیان بڵاوکردۆتەوە بە ناوی "بەسرە لە نقوومبوندایە" کە بووە هۆی راکێشانی سەرنجی بەرپرسان بۆ دەردەسەریی دانیشتوانەکەی کە دەناڵێنن بە دەست هەژاری و بێکارییەوە.

سەفاء خەلەف، لێکۆڵەر و شارەزا لە بواری شیکردنەوەی قەیرانەکان دەلێت؛ "ئاساییە پارێزگایەکی وەک بەسرە نوقمی ئاو ببێت بە کەمترین بارانبارین، چونکە سیستمی ئاوەڕۆ و دروستبوونی ژێرخانیان زۆر نالەبارە."

بانکۆک

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بانکۆکی پایتەختی تایلاند لە ساڵێکدا بەڕێژەی دوو سانتیمەتر ژێر دەریا دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی خودی ئەو ناوچەیە ھەموو ساڵێک دووچاری بارانبارینی بە لێزمە و سەرھەڵدانی لافاوی گەورەش دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠، نزیکەی سەدا ٣٠ی ئەو شارە ژێرئاو بکەوێت.

شاری نیوئۆڕلینز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەپێی ھەڵکەوتە جوگرافییەکەی، نیوەی خاک و رووبەری شاری نیوئۆڕلینز کە گەورەترین شارەکانی ویلایەتی لویزیانایە، نزمترە لە ئاستی رووی دەریاوە لە ساڵی ٢٠٠٥ کەوتە ژێر شاڵاوی باھۆزی کاوڵکاری کاترینا و بووە ھۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی دوو هەزار کەس.

ئەژی چەتۆ لە بەشێکی دیکەی راپۆڕتەکەدا، دەربارەی شاری ڤینیسیا باکووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کردووە کە ھەر لە بنەڕەتەوە، شاری ڤینیسیا لەسەر ١٢٠ دوورگەی ئاست نزم بونیادنراوە، بەڵام لەئێستاوە بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا، ئاستی بەرزبووەوەی ئاو بەشێک لە ناوچەکانی نقوم دەکات و لە رواڵەتەوە ئەمە بۆ گەشتیاران شتێکی ئاساییە، بەڵام بۆ دانیشتوانەکەی وانییە و لە داھاتووشدا بارودۆخەکەی مەترسیدارتر دەبێت.

کولکاتای هیندستان

بەپێی راپۆڕتەکە، شاری کۆلکاتای هیندستان-یش هاوشێوەی شارەکانی دیکەی باس کراو، هەڕەشەی نقومبوونی لەسەرە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە بنەڕەتەوە ساڵانە ئەو شارە دووچاری کێشە و گرفتی زۆر گەورە دەبێتەوە لە روودانی لافاو بەھۆی بارانە وەرزییە زۆر بەخوڕەکانی، بەڵام کێشەی گەورەی کۆلکاتا بریتییە لە تۆڕی ئاوەڕۆ و زێرابەکانی کە لە ھیندستاندا بە کۆنترینیان دەژمێردرێت، ھەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە سنووری ساڵی ٢١٠٠دا، ئاستی ئاوی دەریا وا بەرز ببێتەوە تا ئەو رادەیەی تەواوی شاری کۆلکاتا نقوم دەبێت.













گەلەری