سەردێڕ:

کەسێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ژنان لە رێگەی فەیسبووکەوە دەستگیرکرا

PM:05:37:28/07/2021

10720 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، کەسێکی ناسراویان لەسەر خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لە چەند ژنێک کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بنکەی پۆلیسی شار لە گەڕەکی مسیكێ کەسێکیان لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای لەسەر تۆمارکردوو، پۆلیس بەدواداچوونی بۆ کەیسەکەکرد و دەرکەوت ئەوهاوڵاتییە ژمارەیەکی زۆر وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و نامەی سێکسی و زانیاری تایبەت و نهێنی چەند ژن و کچێک لە مۆبایلەکەیدا هەبووە و وەکو هۆکاری هەڕەشەکردن بەکاری هێناون.

وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکەیان بە گوێرەی یاسای ٢/٦ ساڵی ٢٠٠٨ لەبارەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە دەستگیرکراوە.

دەشڵێت، تۆمەتبارەکە گەنجێکی ناسراوە و هەژمارێکی بەهێزی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، هاوکات، سناپچاتەکەی زیاتر لە ٥٠ هەزار بینەری هەیە و پێگە و پیشەی خۆی بۆ کاری خراپ بەکارهێناوە بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی نادروست لەگەڵ ژنان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێوەبەرایەتی روبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکردنی باندێکی راگەیاند کە لەڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ژن و کچیان هەڵخەڵەتاندووە.













گەلەری