سەردێڕ:

لە عێراق گیاندارێک دەرکەوتووە کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

PM:11:59:04/01/2022

9176 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەرایەتی ژینگەی میسان دەرکەوتنی ئاژەڵێکی دەگمەنی راگەیاند لە چەمێکی حوێزە؛ کە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.


بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی میسان لە راگەیاندراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "پاش ئەوەی شەپۆلێکی باران ناوچەکەی گرتەوە، کۆمەڵە سەگێکی ئاوییان لە چەمێكی حوێزەدا بەدیکردووە کە خاوەن مووی نەرمن لە جۆری (ماکسوێل)."

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان گومانیان هەیە ئەو شەپۆلی بارانە کاریگەریی هەبووبێت لە دەرکەوتنی جۆراوجۆرێتی ئاژەڵ و زیندەوەری جیاوازدا لە ناوچەکە.

ئەوەش هاتووە، "بینینەوەی ئەم ئاژەڵە لە ناوچەکە، بە دووەم جار دادەنرێت، ئەوەش لە پاش دوایین دەرکەوتنی ئەم جۆرە ئاژەڵە لە چەمەکانی پارێزگای میساندا لە ساڵی ٢٠١٧دا."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "هۆکاری ئەو هەڕەشەی لەناوچوونەی هەیە لەسەر ئەم جۆرە ئاژەڵە بۆ کەمتەرخەمی و مامەڵەی نادروستی دانیشتووانەکەی دەگەرێتەوە بەرامبەر ئەم ئاژەڵانە، لە رێگەی راوکردنیان بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نرخی پێستەکەی گرانە."

بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی میسان راشیگەیاندووە، "ئەم ئاژەڵە دەگمەنە تەنها چەند دانەیەکی کەمیان لێ ماوەتەوە لە چەمەکانی ئەو ناوچەیەدا، کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات."

ناوە زانستییەکەی ئەم ئاژەڵە {Lutrogale perspicillata}یە، لە تەواوی دونیاشدا بە رێژەیەکی دیاریکراو بوونیان هەیە، بەو هۆیەوە لەلایەن یەکێتی جیهانییەوە بۆ پاراستنی ژینگە بە یەکێک لەو ئاژەڵانە هەژمار کراوە کە دەبێت بپارێزرێت.













گەلەری