سەردێڕ:

پارێزگارێک دەستی لەکارکێشایەوە

PM:06:30:04/01/2022

23400 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پەسەند کردووە. کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی خراپی خزمەتگوزاری و گلەیی هاوڵاتیانەوە دەستی لەکارکێشابووەوە.


لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "ئەمڕۆ رایدەگەیەنم کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی دەستلەکارکێشانەوەکەمی لە پۆستی پارێزگاری نەجەف، پەسەندکردووە".

راشیگەیاندووە، "لەماوەکانی رابردوودا، بە پەرۆشی و دڵسۆزییەوە لە پێناو بەدیھێنانی پەرژەوەندی و پاراستنی ھاوڵاتییانی نەجەف، خزمەتم کردووە و ھیوادارم ئەو ئامانجەم بەدیھێنابێت".

رۆژی هەینی رابردوو لوئەی یاسری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەجەف، پێشکەش بە مستەفا کازمی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ناوبراو لە میانی خۆپیشاندانەکەدا تۆمەتبار کرابوو، لەوەی ئیدارەی پارێزگای نەجەف بەخراپی بەڕێوەبردووە.

ماوەی مانگێک زیاترە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، بەردەوام خۆپیشاندان دژبە سیاسیەتی حکومەت و نەبوونی دامەزراندن لە کەرتی گشتییدا، ئەنجام دەدرێن.

دەستلەکارکێشانەوەی لوئەی یاسر لە پارێزگاری نەجەف، دووەم دەستلەکارکێشانەوی پارێزگار بوو لە عێراق، چونکە بەرلەوەش لە رۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوودا پارێزگاری زیقار، ئەحمەد خەفاجی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەش کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ کە لە میانی ساڵی رابردوودا پەسەندکراوە، بەرەوڕووی کورتھێنان بووەتەوە و ئەوەیش وای کردووە کە خەرجییەکان و دامەزراندن لە کەرتی گشتییدا، کەم بکرێتەوە.لەکاتێکدا، کە حکومەتی عێراق بە تەواوی دامەزراندنی نەوەستاندووە و لە کۆتایی مانگی رابردوودا بڕیاری دامەزراندنی هەزار و ٤٦١ کەس لە دەرچووانی بڕوانامەی ئاسایی و ٣٦٢ کەس لە خاوەنی بڕوانامە بەرزەکان (ماستەر و دکتۆرا)ی لە بەشە پزیشکییەکان دامەزراند.

لوئەی یاسری سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی و لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بووە بە پارێزگاری نەجەف.













گەلەری