سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی دزینی پارەی پۆلیسەوە

PM:04:29:28/07/2021

6764 جار خوێندراوەتەوە

وته‌بیژى پۆلیسى گه‌رمیان رایگەیاند، كه‌سێك له‌سه‌ر دزینی موچەی پۆلیسى دارستانى كفرى ده‌ستگیر كراوه‌.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عه‌لى جه‌مال قه‌دوورى، وته‌بێژى پۆلیسى گه‌رمیان رایگەیاند، تا ئێستا كه‌سێك له‌سه‌ر دۆسیەی دزینی موچەی ئەم مانگەی پۆلیسی دارستانی کفری ده‌ستگیر كراوه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە دۆسییەکە بەردەوامە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ عەلی قەدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لیژنەی وەرگرتنی مووچە لە بەشی کفری پۆلیسی دارستان پاش وەرگرتنی مووچەی کارمەندانی بەشەکەیان، بڕێک لە پارەکەیان لێ دزراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکە لە چێشخانەیەکی ناوبازاڕی کەلار نانیان خواردووە، لەو کاتەدا کەسانی نەناسراو چوونەتە سەر ئەو ئۆتۆمبیلەی پارەکەی تیابووەو دزیویانە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، مووچەی سەرجەم کارمەندانی بەشی کفری پۆلیسی دارستان ١٤٠ ملیۆن دینار بووە، لە ناو دوو ئۆتۆمبێلدا بووە، بڕی ٤٠ ملیۆنیان لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا بووە و کەسانی نەناسراو ئەو بڕەیان بردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای یەک ساڵ و یەک مانگ و چوار رۆژ، دوێنێ دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕین دەستی پێکرد و بڕیارە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی ٨ کۆتایی پێبهێنرێت.













گەلەری