سەردێڕ:

هێرشێکی فڕۆکەوانی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی هاوپەیمانان شکستی پێهێنرا

AM:10:32:04/01/2022

4692 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هێرشێکی فڕۆکەوانی کە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبرێژکراوەوە ئامادەکرابوو کە بکرێتە سەر یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، شکستی پێهێنرا.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێک لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقەوە بڵاویکردەوە، شکستییانهێناوە بە هێرشێکی فڕۆکەوانی کە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە ئامادەکرابوو بکرێتە سەر بنکەی عەین ئەسەدی سەربازی لە عێراق کە هێزکانی هاوپەیمانانی تێدایە.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانیان توانیویانە هەردوو فڕۆکەکە بخەنەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

 

دوێنێ دووشەممەش، بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا درا و دواتر شکستی پێهێنرا.

ئەمەش دووەم هەوڵی هێرشکردنە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە دووەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەیی ئەوکاتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری ئەوکاتی فەرماندەیی حەشدی شەعبی کە لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەمریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی کوژران. 

لە ماوەی رابردوودا، بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا، سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێدەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا کشانەوە و تەنها ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی و راهێنەر ماونەتەوە.

لەلایەن خۆشیانەوە، گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق بە گشتی و ئەو گروپانەی نزیکن لە ئێرانەوە بە تایبەتی، داوای کشانەوەی سەرجەم راوێژکار و راهێنەرە سەربازییە نێودەوڵەتییەکانیش دەکەن.

لەماوەی رابردووشدا، بنکەسەربازییەکان و کاروانەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا چەندین جار کراونەتە ئامانج و بەشێوازی جۆراوجۆر هێرشیان کراوەتەسەر و ئەمریکاش بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو گروپە چەکدارانەی تۆمەتبارکردووە کە لە ئێرانەوە نزیکن.

 













گەلەری