سەردێڕ:

عێراق بە ٣١ هەزار ئاگرکەوتنەوە ماڵئاوایی لە ٢٠٢١ کرد

PM:02:44:03/01/2022

1880 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی سەرژمێرییە حکومییەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا زنجیرەیەک رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراقدا روویاندا و ژمارەیان دەگاتە ٣١ هەزار ٥٣٣ رووداو کە زیانی زۆریان لێکەوتووەتەوە.


ساڵی ٢٠٢١ زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە لە عێراقدا روویاندا کە دیارترینیان کارەساتی ئاگرتێبەربوونی هەردوو نەخۆشخانەی (ئیبن خەتیب) بوو لە بەغدادی پایتەخت و نەخۆشخانەی کۆرۆنا بوو لە ناسرییە، کە بەهۆیانەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارەهای دیکەش بریندار بوون بەو پێیەش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە ساڵی ٢٠٢١دا.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق سەرژمێرییەکانی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە عێراقدا راگەیاند، کە لەلایەن بەرگری شارستانییەوە کوژاونەتەوە و کۆتاییان پێهێنراوە.

بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییە، کۆی رووداوەکان دەکاتە ٣١ هەزار و ٥٣٣ رووداو تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا، هەروەک بەغداد لە ریزی پێشەوەی ئەو پارێزگاکاندایە کە رووداوی ئاگرکەوتنەوە تیادا تۆمار کراوە.

دیارترینی هۆکاری ئەو رووداوانە بریتیین لەمانە:

١/ شۆتی کارەبایی

٢/ یاریکردنی منداڵان بە ئامێر و شتومەکی ناوماڵ

٣/ پاشماوەی جگەرە

٤/ رووداوی ئاگرتێبەربوونی بە مەبەست

٥/ رووداوی ئاگرتێبەربوون بەهۆی پریشکی دەرەکییەوە

٦/ دزەکردنی گاز

٧/ لێچوونی سوتەمەنی

٨/ هۆکاری ناکۆکی خێڵەکی

٩/ هۆکاری هاتوچۆ

١٠/ هۆکاری تەقینەوەکان

هەروەک ٥٥٤ رووداو تۆمارکراون کە هۆکارەکانیان نەزانراون.

ئەم سەرژمێرییە بووەتە باسێک لە عێراقدا و گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەو پێیەی بەشێک لە هاوڵاتییان پێیان وایە بەرپرسی ئەو رووداوانە لایەنە حکومی و سیاسییەکان نین بەڵکو هۆکارەکەی لاوازی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگە و نەشارەزابوونیانە لە سەلامەتی گشتیدا، نمونەشیان پاشماوەی جگەرەیە کە هاوڵاتییان لە شوێنە گشتییەکاندا فڕیی دەدەن و بەهۆیەوە نزیکەی هەزار رووداوی ئاگرتێبەربوون روویانداوە تەنها لەمساڵدا.













گەلەری