سەردێڕ:

یەکەم وڵات کامەیە ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ دەگێڕێت؟

PM:01:15:31/12/2021

5380 جار خوێندراوەتەوە

جیهان کۆتا رۆژەکانی ٢٠٢١ بە ساڵنامەی زایینی (گریگۆری) بەڕێدەکات و بەردەوام دەبێت تا کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو و سەرەتای ساڵی نوێ، کە ئەمشەو وڵاتانی جیهان ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە ناو ساڵی نوێوە و لەگەڵ بوون بە کاتژمێر ١٢ رۆژژمێری جیهان دەگۆڕێت بۆ ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢.


لە جیهاندا جیاوازی هەیە لە نێوان کاتەکانی چوونە ناو ساڵی نوێوە، کە بەگوێرەی هێڵەکانی پانی و درێژی زەوی "هێڵی گرێنچ" دیاریدەکرێت کە وڵاتانی کەوتووەتە سەر.

بەپێی میدیا جیهانییەکان؛ دانیشتووانی دوورگەی کێریتماس کە یەکێکە لە دوورگەکانی کۆماری کیریباتی لە ناوەڕاستی زەریای هێمندا یەکەم ئەو کەسانە دەبن کە ساڵی نوێ لایان دەستپێدەکات.

دواتر وڵاتی ساموا دێت لەباشوری زەریای هێمن و شانشینی تۆنگا و بەشێک لە نیوزیلاندا لە باشوری رۆژئاوای زەریای هێمن و دواتر بەشەکانی دیکەی زەوی.

هاوکات، لەجیهانی عەرەبیدا یەکەم رۆژی ساڵی نوێ سەرەتا لە عەممان دەستپێدەکات و دوای ئەوە ئیمارات و دواتر وڵاتانی دیکە تا بە مۆریتانیا کۆتایی پێ دێت.

ئەو وڵاتانەی رۆژژمێری زایینی بەکاردەهێنن، ماوەی زیاتر لە دوو هەزار و ساڵە ئاهەنگی چوونە ناو ساڵی نوێ دەگێڕن.

بەپێی نووسراوە مێژووییەکان، رۆژژمێری رۆمانی کۆن لە ١٠ مانگ و ٣٠٤ رۆژ پێکهاتبوو کە سەرەتای ساڵی نوێ لە ٢٠ی مانگی ئازاردا دەستی پێدەکرد و تیایدا و دەوترێت یەکەم پادشای رۆمای کۆن بەناوی رۆمۆلۆس لە سەدەی هەشتەمی پێش زایندا ئەم رۆژژمێرەی دروستکردووە.

مێژوونووسان باسیان لەوەکردووە، پادشای دووەمی رۆمانی کە ناوی نوما پۆمپلیس بووە هەریەک لە ژانواریوس و فابریواریوس کە هاوواتای مانگەکانی کانونی دووەم و شوباتن؛ بۆ مانگەکانی ساڵی زیادیکردووە و بەو جۆرە ساڵی کردووە بە ١٢ مانگەوە.

دوای سەدان ساڵ لە مانەوەی باباتەکە بەو شێوەیە و نەگۆڕانی دەستپێکی ساڵی نوێ، لە ساڵی ٤٦ی پێش زایندا ژولیۆس سیزاری ئیمپراتۆری رۆمانی بڕیاریداوە کێشەکە چارەسەر بکات و رۆژژمێرەکە لەگەڵ جوڵەی خۆردا هاوتا بکات بە هاوکاری ئەستێرە ناسان و زانایانی بواری بیرکاری.

ئیمپڕاتۆرەکە هەڵساوە بە دروستکردنی رۆژژمێرێکی نوێ کە زۆر لە رۆژژمێری گریگۆری (ئەو رۆژژمێرەی ئێستا بەکاردێت نزیکە) و ناوی لێنا رۆژژمێری ژولیان.

هاوکات یەکێک لەو کارانەی ئەنجامیدا گۆڕانی سەری ساڵی نوێ بوو لە ٢٠ی مانگی ئازارەوە بۆ یەکی کانونی دووەم وەک رێزگرتنێک لە ناوی مانگەکە کە ژانوەرییە و نزیکە لەناوی یەکێک لە خوداوەندەکانی رۆمانییەوە بەناوی ژانوس.













گەلەری