سەردێڕ:

رووداوێکی خوێناوی لە عێراق.. پیاوێک ١٩ کەس و خۆی کوشت و سێ سەربازیشی بریندارکرد

AM:09:32:31/12/2021

45096 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ پێنجشەممە هێزێکی ئەمنی عێراقی لە ناحیەی جەبەلای شاری بابل سەرقاڵی گەڕان بوون بەدوای کەسێکدا کە تۆمەتی تیرۆری لەسەر بووە، بەڵام پاش رووبەڕووبوونەوەیەکی چوار کاتژمێری هێزە ئەمنییەکان لەگەڵیدا؛ دەبینن ١٩ ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە و سێ سەربازی بریندارکرد و کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا.


بەپێی میدیا عێراقییەکان، لە کاتژمێر نزیک سێی دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنج شەممەدا، زانیاری بە هێزە ئەمنییەکان گەیشت بۆ دەستگیرکردنی دوو داواکراو لە ناوچەی رەشاید و مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکان چوون بەرەو شوێنی مەبەست، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنیاندا بۆ ماڵی داواکراوەکە راستەوخۆ تەقە لە مەفرەزەکە کراوە.

لەو بارەیەوە، ئەفسەرێکی هەواڵگری ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هێزە داوای هاوکاری و هێزی زیاتریان کردووە، دواتریش هێزێکی سوات چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لەگەڵ گەیشتنی ئەوانیشدا داواکارەکە رووبەڕووبوونەوەی توندی دروستکردووە و سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی بریندارکردووە.

باسی لەوەشکردووە، دوای نزیکەی چوار کاتژمێر رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ناو ماڵەکەوە و دەبینن تەواوی ئەندامانی خێزانەکە کوژراون و راستەوخۆش دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کەسەکە تۆمەتباربووە بە ماددەی تیرۆر و هێزە ئەمنییەکان بەو مەبەستە چوون بۆ دەستگیرکردنی.













گەلەری