سەردێڕ:

ئەمڕۆ موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

AM:10:14:28/07/2021

14248 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە چەند شوێنێک بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرن.


بەگوێرەی خشتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، موچەی مانگی حەوتی هەریەکە لە وەزارەتەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای گشتی ئاسایش دابەشدەکرێت.

دوای دابەشکردنی موچە بە لێبڕینەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ و یەک مانگ، ئەم مانگە و لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا حکومەتی هەرێم دەستیکرد بە دابەشکردنی موچە بی لێبڕین.

لە وتارێکیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئابوورییە، کە لەم مانگەوە بەبێ لێبڕین موچە دابەشکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام بێت."

چەند مانگێک پێش ئێستا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئیتر هەڵبژاردن نزیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن هەموو مانگێک موچە دەدرێت و پاشەکەوت لادەبرێت.

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم بڕیارانەی دەسەڵات کە بەردەوام پێش هەڵبژاردن دەریاندەکات، بەوتەی سەرۆکی نەوەی نوێ، دەسەڵات بیری هاوڵاتییانی دەکەوێتەوە و دوای هەڵبژاردنیش خەڵکیان لەبیر دەچێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەموو جارێک و لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بڕیاری جیاجیا دەدەن و پێشتریش ساڵی ٢٠١٨ هەمان کارییانکرد و دوو مانگ پێش هەڵبژاردن موچەیان چاککرد.













گەلەری