سەردێڕ:

لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆندا؛ عێراق رێکارەکانی ئاشکراکرد

PM:03:43:29/12/2021

6268 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆندا لە عێراق، ئەوا پەنا نابەنە بەر کەرەنتینکردنی هاوڵاتیان و داخستنی ناوەندەکانی خوێندن، بەڵکو رێکاری دیکە دەگرنەبەر.


سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، "لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوا پەنا نابینە بەر راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ و داخستنی ناوەندەکانی خوێندن." وتیشی، نیازێکی لەو جۆرەمان نییە.

باسی لەوەشکرد، "لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکە لە عێراق، ئەوا وەزارەتی تەندروستیی راسپاردەکانی خۆی بۆ لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی بەرز دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لیژنەکە بڕیاری گونجاو لەوبارەوە دەربکات".

وتیشی، "لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن، وەزارەتی تەندروستیی ھەوڵی زیاتر دەدات بۆ ئەوەی زۆرترین ھاوڵاتیی، ڤاکسین وەربگرن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاونەبووەتەوە و ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەگەر ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاوببێتەوە، ئەوا پەنا دەبنە بەر گرتنەبەری رێشوێنەکانی پێشووی خۆپارێزیی لەوانە داخستنی شوێنە گشتییەکان و دووپەرێزیی کۆمەڵایەتیی.













گەلەری