سەردێڕ:

سەدر و سەرکردەکانی شیعە کۆدەبنەوە

PM:12:12:29/12/2021

4064 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرکردەکانی شیعەی بانگهیشت کردووە ئەمڕۆ کۆببنەوە و شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، بەسەرۆکایەتی هادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، بەرەو نەجەف بەرێکەوتن.


سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، لە میانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لەگەڵ سەدر، گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و "ژمارەیەک دۆسیەی گرنگەوە" دەکرێت.

چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

بڕیاربوو ٧ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی دووەمی سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەگەڵ موقتەدا سەدر لە نەجەف ئەنجامبدرایە، بەڵام دواخرا.

ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی ٢ی ئەم مانگە؛ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبووەوە، بەڵام ھیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڵاونەکراوەیە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد.

بە وتەی یاساناسان لە عێراق، دوای ١٥ رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، ساز دەکرێت.

رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی راگەیاند.

هـ.ئـ













گەلەری