میدیاکانی بەریتانیا گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە تیایدا چەند وێنەیەکی پیاوێکی تێدا دەردەکەوێت کە دەم و چاوی خۆی داپۆشیوە و ھەڕەشەی کوشتنی شاژنە ئیلیزابێسی دووەم دەکات.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئەو کەسە گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵە و ماوەیەکی زۆر رێگای بە پێ بڕیوە و بە تەلبەندی دڕکاوی کۆشکی قەڵای وندەرسۆندا ھەڵگەڕاوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، لە وێنەکاندا دەردەکەوێت گەنجەکە کەوانێک و تیرێکی پێیە و بەدەنگێکی ناڕوون ھەڕەشەی کوشتنی شاژن دەکات.
بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆکە، گەنجەکە ئاشکرای کردووە بە چ ھۆکارێک بەنیازە شاژن بکوژێت و دەڵێت، لە تۆڵەی ئەو کوشت و بڕەی لە ساڵی ١٩١٩ لە جالیانوالا باگ "ئەمریتسار" روویداوە بەنیازە ئەو کارە بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و دەنگی ئەو گەنجە لە سناپچات بە ٢٤ خولەک، ھێزەکانی پۆلیس توانییان کەسێکی گومان لێکراو لە نزیک قەڵای وندەرسۆن دەستگیر بکەن.