سەردێڕ:

دادگای فیدراڵی عێراق ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی رەتکردەوە

PM:01:54:27/12/2021

7372 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئەو داواکارییانەی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کراون رەتکراونەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی لە راگەیەنراوێکیددا ئاشکرای کرد، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵناوەشێرێتەوە و سەرجەم داواکارییەکانیش لەو بارەوە رەتکراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەنجومەنی دادوەری تاکە دەسەڵات بتوانێت کێشەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەوە چارەسەر بکات.
ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، دەستەی دادوەران  لە دانیشتنی دادگادا دەستی کرد بە خوێندەوەی سەرجەم سکاڵا و تانەکان.
ئاشکراشی کرد، بڕیارەکانی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن یاسایین.
باسی لەوەشکرد، ھەموو پارتێکی سیاسی مافی ئەوەی ھەیە دوای سێ رۆژ لە راگەیاندنی کۆتا ئەنجامی ھەڵبژاردەکان تانە لە ئەنجامەکان بدات. 
لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دەشڵێت، پەرلەمانی داھاتووی عێراق دەتوانێت ئەو کارە بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدار و لە ماوەی رابردووشدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانی کۆتایی راگەیاند، لە بەرامبەردا ئەو ھێزانەی نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبھێنن دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوایان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی کرد ئەنجامەکان رەتبکاتەوە و ھەڵی بوەشێنێتەوە.












گەلەری