پاش سلێمان هەڵشۆیی، کەسێکی دیکە بە دزینی ٤٥ ملیۆن دۆلار لە رێگای کۆمپانیای تایبەت بە مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە تۆمەتبار دەکرێت و لە ئێستاشدا ئەو کەسە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە و ژمارەیەک هاوڵاتیش داوادەکەن حکومەت پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
باکۆ فەیسەڵ ئەو
کەسەیە کە لە رێگای کۆمپانیای دراوی ئەلیکترۆنییەوە بڕی ٤٥ ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانی
بردووە و لەئێستاشدا بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە.
باکۆ بەڕێوەبەری
بەشی ئاسیای کۆمپانیایPGI بووە تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلکترۆنی، کۆمپانیاکە لە عێراق و هەرێمی
کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەش کار دەکات، کە تیایدا بەمەبەستی بەدەستهێنانی سوود،
هاوڵاتیان ئاڵۆگۆڕی دراویان لە رێگای ئەم کۆمپانیایەوە کردووە و لەئێستاشدا بەڕێوەبەری
بەشی ئاسیای کۆمپانیاکە بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە و بە دزینی ٤٥ ملیۆن دۆلار تۆمەتبار
دەکرێت.
لەوبارەیەشەوە،
زیانلێکەوتوویەک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رێگای کۆمپانیایەکەوە کەوتوەتە نێو
مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنییەوە و ٣٢٧ هەزار دۆلاری لێ وەرگیراوە و خاوەنی کۆمپانیاکەش
پێی وتووە، لە ماوەی شەش مانگدا پارەکەی بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، بەڵام نەک دوو
هێندەی نەدیوە بەڵکو ئەو پارەیەشی رادەستی کۆمپانیاکەی کردووە لەدەستی رۆشتووە.
ئەو زیانلێکەوتووە
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو کۆمپانیانەی دراوی ئەلیکترۆنییەوە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان
زیانیان بەرکەوتووە و توشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، دەشڵێت، "کۆمپانیاکە
زیاتر لە چوار مانگە بە بیانووی داتاکردنەوەی سیستمی کۆمپانیاکە، هیچ پارەیەکی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە."
سەرباری ئەمەش،
لە سنووری قەزای پشدەر هاوشێوەی سڵێمان هەڵشۆیی، کەسێکی دیکە وەک بازرگانی نەوت خۆی
ناساندووە، وەک خاوەن قەرزەکان باسیدەکەن لەو رێگەیەوە توانیوویەتی نزیکەی یەک ملین
دۆلار واتە ١٠٠ دەفتەر دۆلار لەخەڵکی وەربگرێت و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵبێت.
هاوشێوەکەی سلێمان
هەڵشۆیی خۆی بە ئیبراهیم گەوهەر ناساندووە، بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵدا
کردووە جگە لە پارە، خانوو و زەوی و ئۆتۆمبیل و تفەنگیشی وەرگرتووە بۆ نزیکەی شەش
مانگ دەبێت خۆی ونکردووە.
لەو بارەیەوە، پۆلیسی
راپەڕین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو دۆسێیە سکاڵای تۆمار نەکردووە.
نەورەس غەریب