سەردێڕ:

ئایا پەرلەمانی عێراق لە دەستپێکی ساڵی نوێدا یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات ؟

PM:08:10:25/12/2021

1912 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی یاسایی عێراق باس لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دھاتوو کرد، ھاوکات، پێشبینی ئەوەی کرد دادگای باڵا داواکاری پوچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن رەتبکاتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، تاریق حەرب، شارەزای یاسایی عێراقیلە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، "یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین براوەی ھەڵبژاردن یاخود ئەندامی نوێی ئەنجوومەنەکە دەبێت".
ئاماژەی بەوەشداوە، "دانیشتنەکە تایبەت و تەرخان دەکرێت بۆ پرۆسەی سوێندخواردنی براوەکان، کە لە رێگەیەوە براوەکان دەبن بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە خولی نوێدا، ھەروەک سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش ھەڵدەبژێردرێت."
ئەوەشی خستەڕوو، "لەوانەیە بپرسن لە ئەنجامەکانی تانەدان لە ھەڵبژاردن، لە وەڵامدا پێتان دەڵیین، چارەنووسی بریتی دەبێت لە رەتکردنەوەی لەلایەن دادگاوە، لەبەر ئەوەی ئەو بەڵگانەی کە پیشکەشکراون ناگاتە ئاستێک کە پێویست بە دەرکردنی بڕیارێکی مەترسیدار بێت وەک بڕیاری پووچەڵکردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن بە پێی ئەو بڕیارە دەستوورییانەی کە دژن لەگەڵ ئەو داواکارییانەدا. ھەروەک بەھۆی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکان و ئیرادەی ملیۆنەھا کەس کە دەنگیان داوە، لە نەبوونی پەرلەمانێکدا کە ئەرکی ھەڵبژاردن بگرێتە ئەستۆ لە حاڵەتی پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکان."
ھۆکارێکی تر کە پاڵنەرە بۆ پەلەکردن لە دیارکردنی رێکەوتێکی نزیک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران "پەرلەمان"، بریتییە لە دواکەوتنی پەسەندکردنی ھەلبژاردنی ئەمساڵ لە چاو ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی رابردوودا کە تەنھا چوار رۆژیان دەخایاند، دواکەوتنەکەش بەھۆی ئەو تانە و رەخنەگرتنانەوەبوو کە داوای پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیان دەکرد، ئاساییە رێکەوتی بڕیارەکە کە دەبوو رۆژی یەکشەممە، ٢٦ی کانوونی یەکەم دەربکرایە، دوابخرێت بۆ ٢٧ی مانگ، واتە رۆژی دووشەممە."
ئاماژەی بەوەشدا، "بڕیارەکانی دادگای باڵا ناونیشانێک دەبن بۆ دادپەروەری و یاسا و ماف. جۆری بریارەکە ھەرچییەک بێت، ئەوا دادگای باڵای فیدڕالی دەسەڵاتدارانی وڵات ناچار بە ملکەچی بە شێوەیەکی رەھا دەکات".
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، ١٠ی مانگی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو و ھاوڵاتییان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ھەروەھا، رۆژی ھەینی ٨ی مانگی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و ھێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیاندا.
لەم ھەڵبژاردنەدا عێراق بەسەر ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردندا دابەشبووە و لەھەڵبژاردنی پێشووشدا، ٨١ بازنەبوو، ھاوکات بازنەکانی ھەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە ١٥ بازنەیە. 
لە رێکەوتی ١٧ی تشرینی یەکەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی راگەیاند.












گەلەری