سەردێڕ:

وەزارەتی نەوت بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی تشرینی دووەمی عێراقی ئاشکرا کرد

PM:07:00:25/12/2021

3508 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی تشرینی دووەم زیاتر لە ٩٨ ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەھای زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار فرۆشراوە.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی تشرینی دووەمدا بڕی ٩٨ ملیۆن و ١٩٢ ھەزار و ٣١٧ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و ھەناردەی دەرەوە کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داھاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە حەوت ملیار و ٦١٠ ملیۆن و ٨٥٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی کەرکوک لە رێگەی بەندەری جیھانەوە دوو ملیۆن و ٣٢ ھەزار و ٦٨٥ بەرمیل بووە. دەشڵێت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٩٥ ملیۆن و ٨٦٠ ھەزار و ١٤٩ بەرمیل بووە.
ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو  ٧٧ دۆلار و ٥١ سەنت بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەوتە فرۆشراوەکە لە لایەن ٣٠ کۆمپانیای جیاوازەوە ھەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە لە بەندەرەکانی بەسرە و خورئەلعەمییە و عەوامات ئەلئەحادییە لەسەر کەنداو و  بەندەری جیھان لە تورکیا.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی مانگی تەمموز بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٦٣ دۆلار دابەزی.
بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.












گەلەری