سەردێڕ:

سێ مانگە کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا موچەیان وەرنەگرتووە

PM:07:37:27/07/2021

4264 جار خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ماوەی سێ مانگە ئەو موچەیەی کە هاوسەرۆکانی یەکێتی بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا دابینیان دەکرد راگیراوە و لە ئێستاشدا وەزیری تەندروستی زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ ئەو نەخۆشخانەیەدا دەکات.


جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "لەماوەی سێ مانگی رابردوودا موچەی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ نەخۆشخانەی قەڵا راگیراوە، کارمەندان بە خۆبەخشانە درێژەیان بە خزمەت داوە، ئێمەش ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، ویستمان بارودۆخی خراپی نەخۆشخانەی قەڵا بگەیەنین بە وەزیری تەندروستی، بەڵام ئەو زۆر خەمساردانە و بێباکانە لە بابەتەکەی روانی."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزیری تەندروستی دوور لە ئەتەکێت و بێ حسابکردن بۆ ئیدارەی گەرمیان و نەخۆشخانەی قەڵا کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتەکەیەتی وەڵامی دایەوە و پێی وتین، ئەوە پێشتر بە کاری حزبی کراوە و ئامادە نەبوو زیاتر گوێ بگرێت و لە کێشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا تێبگات، تەنانەت هەوڵ و ماندونی سەرجەم کارمەندانی قەڵای بە کەم سەیر کرد و بە حزبی ناوی بردن."

جەلال نوری ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا دەڕۆنە ماڵەوە، بەمەش نیوەی نەخۆشخانەکە بە تەواوی دادەخرێت و مەترسی لەسەر ژیانی توشبوان دروست دەبێت.













گەلەری