سەردێڕ:

عەلی عادل: لە دڵەڕاوکێدا دەژیم

PM:07:05:27/07/2021

14556 جار خوێندراوەتەوە

عەلی عادل یوتیوبەری عێراقی دوای ئەوەی لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە بانگەوازێکی ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کرد و دواتر لەگەڵ کازمیدا کۆبووەوە لە ئێستادا بە ترس و دڵەڕاوکێیوە لە ماڵەکەی دێتە دەرەوە.


رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، عەلی عادلی تەمەن ١٧ ساڵ پاش ئەوەی هەڕەشەی خۆفڕێدانی لە سەربانی خانووەکەی خۆیانکرد و وتبووی ئەگەر بێت و سەرۆکی ئەمریکا بەدەم داواکارییەکانییەوە نەچێت خۆی فڕێدەداتە خوارەوە، ڤیدیۆکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوەوە و بەرپرسێکی ئەمریکیش وەڵامی دایەوە، لە ئێستادا بارودۆخی ژیانی لە ژیر مەترسی توندوتیژیدایه.

ئەو ڕۆژنامەیە وتیشی، دوای ئەوەی عەلی سەردانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی کرد و هاوکات جۆ هود یاریدەدری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک وەڵامی عەلی دایەوە و رایگەیاند، "لە ئێستادا بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە ناتوانن بانگهێشتی ئەمریکات بکەین، بەڵام بەڵێن بێت هەرکات سەردانی عێراقم کرد ئەوکاتە بەیەکەوە سەروپێ دەخۆین."

بەگوێرەی وتەی رۆژنامەکە، ئەو کات عەلی زۆر خۆشحاڵ بوو بەو پێشهاتە، بەڵام لە ئێستادا ترساوە و بە تەنها لە ژورەکەی دەمینێتەوە لە شاری حیلەی سەر بە پارێزگای بابل.

عەلی بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندووه، پێشتر بە شێوەیەکی سروشتی و بە تەنها دەچومە شەقامەکان و هاوڵاتییانیش وێنەیان لەگەڵ دەگرتم بەبێ هیچ کێشەیەک، بەڵام بەپێی رۆژنامەکە، عەلی لە ئێستادا بە دەمامکێک و کڵاوێکەوە دەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵک نەیناسێتەوە.

ئەو توتیوبەرە عێراقییە دەشڵێت، دوای ئەوەی چاوم بە کازمی کەوت، رەخنەکان دژم زیاتر بون و هەندێک کەس پێیان وابوو کە من پارەم لە کازمی وەرگرتووە.













گەلەری