سەردێڕ:

لەبەلەمێکی ماسیگریدا ١٤٣ کۆچبەر دەستگیرکران

AM:09:35:24/12/2021

4736 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، لە گەرووی چاناککالەی تورکیا ١٤٣ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران کە لەناو بەلەمێکی ماسیگریدا خۆیان حەشاردابوو.


تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان ئاماژەیان بەوەکرد لەکەناراوەکانی شارۆچکەی ئەجەئابات بەلەمێکی ماسیگرییان خستە ژێر چاودێرییەوە کە بەشێوەیەکی گوماناویی بەدەریادا دەڕۆیشت.

باسیان لەوەشکرد، پاش بەدواداچوون و سەرنجدان تیمەکان بۆیان دەرکەوت لە ناو بەلەمەکەدا ١٤٣ کۆچبەری نایاسایی بوونیان هەیە و پاشان دەستگیریان کردن، ئاماژە بەوەشکراوە کە هاووڵاتیی چەند وڵاتێکی جیاوازبوون و لە نێویاندا ژن و منداڵیش بوونیان هەبووە.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، کۆچبەرەکان دوای ئەنجامدانی رێکارەکانیان، براونەتە ناوەندی دووبارە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی شارۆچکەی ئایڤاجک.

هاوکات، شەش تۆمەتباریش بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە کۆچبەرانەوە، دەستبەسەرکران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو یەختێک بە ١٠٥ کۆچبەرەوە نوقومبوو کە ١٠٠ کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و نزیکەی ٩٠ کەسیان رزگاریان بووە و ١٣ کەسیان گیانی لەدەستداوە کە ١١ یان کوردن.

رۆژی ٢١ی مانگە یەختێکی کۆچبەران بە ٧٠ کۆچبەرەوە بەهۆی دروستبوونی کێشە لە یەختەکەیاندا نوقومبوومبوون کە بەنیازبوون لە تورکیاوە بگەنە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا و ، تا ئێستا زۆرینەی هەرە زۆری کۆچبەران بێسەروشوێنن.

رۆژی٢٤ی مانگی رابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان فەڕەنسا و بەڕتانیا نوقوم بوو، بەهۆیەوە ٢٧ کۆچبەر خنکان کە ١٦ کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و تا ئێستا تەرمەکانیان نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و بڕیار وایە هەینی داهاتوو بگەڕێندرێنەوە و کەسێکیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.













گەلەری