سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوە ئەو مانۆڕە سەربازییەی کە لە گەرووی ھورمزی کەنداوی بەسرە ئەنجامیداوە، مووشەکێکی بالیستیی تاقیکردەوەتەوە.
تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی، بە بەشداری ھێزەکانی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی مانۆڕی سەربازیی بەناوی "پێغەمبەری مەزن-١٧" لە کەنداوی بەسڕە ئەنجامدا.
لە رۆژی دووەمی ئەو مانۆڕە سەربازییەی کە دوێنێ دەستی پێکرد و بڕیارە پێنج رۆژ بەردەوامبێت، سوپای پاسداران، مووشەکێکی بالیستی کە توانای پێکانی ئامانجە راوەستا و جوڵاوەکانی ھەیە، تاقیکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە مانۆڕە سەربازییەکەدا، کە پارێزگاکانی ھورمزگان، بوشەھیر و خوزستان دەگرێتەوە، مووشەکی بالیستی لە وشکانییەوە بۆ وشکانی و لە کەنارەوە بۆ ناو دەریا ئاراستەی ئامانجە درووستکراوەکان کراوە و بەسەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە سستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ناو دەریاوە بە سەرکەوتوویی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی درووستکراوی لە ناوبردووە.